کوردستان

مامۆستایانى وانەبێژ هەڕەشەی ڕاگرتنى دەوامی ساڵی داهاتووی خوێندن دەکەن

14/06/2024

دەنگوباس:

ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دەدەنە وەزارەتى پەروەردە و دەڵێن: بە وردی چاودێری بەڵێن و هەنگاوەکان دەکەین ئومێد ئەکەین لە جێی چاوەڕوانی مامۆستایان بن، بە پێچەوانەوە هەنگاوەکان دڵخۆشکەر نەبن دڵنیایی ئەدەین بۆ جارێکی تر خوێندنی ساڵی داهاتوو ڕادەگرین.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنى مامۆستایانى وانەبێژ پەیامێکی هۆشداریان دایە وەزیری پەروەردە و دەڵێن: دوای ئەوەی زیاد لە (10) ساڵە حکومەتی هەرێم بە پاساوی جۆراوجۆر کەرتی پەروەردەی پشتگوێ خستوەو دامەزراندنی راگرتووە، هەموو ساڵێک بەهۆی بێباکی حکومەت و گوزەرانی سەختی مامۆستایان و وانەبێژان، خوێندن دوای چەن مانگێک بایکۆت بە کەموکورتی بەڕێکراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، وەکو مامۆستایانی وانەبێژ چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی وەزیری پەروەردەین(نوسراوی ژ.1ی وەزیری پەروەردە لە 7ی1 ی 2024) کە تیایدا باس لە دوو خاڵ ئەکات (بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانی میلاک) دواتر لێدوانێکی دیکەی کە ئاماژەی بەوەکرد دوای جەژن هەنگاوی دیکە دەنێین لەسەر کەیسی مامۆستایانی وانەبێژ.

دەشڵێن: بە وردی چاودێری بەڵێن و هەنگاوەکان دەکەین ئومێد ئەکەین لە جێی چاوەڕوانی مامۆستایان بن، بە پێچەوانەوە هەنگاوەکان دڵخۆشکەر نەبن دڵنیایی ئەدەین بۆ جارێکی تر خوێندنی ساڵی داهاتوو رادەگرین و ئامادەنابین چیدیکە پەروەردە بەم شێوە شکستخواردووە بەردەوامی پێبدەین و پێش دەسپێکی ساڵی نوێ بایکۆت رادەگەیەنین.

وانەبێژیان داوا لەهەموو ئەو بەرپرس و لایەنانەی سەرەوەی سنوری بایکۆت دەکەن دڵسۆزانە بەئەرکی سەرشانیان هەستن و فشار بکەن بۆ جێەجێکردنی بەڵێنەکان تا چیدیکە "منداڵی فەقیر" نەبێتە قوربانی بێباکی بەرپرسانی حکومەت و بایکۆتی ناچاری مامۆستایان.


#باشووری کوردستان
#مووچە