کوردستان

باقری: داهاتوویەکى ڕووناک لە پەیوەندی ئابووری نێوان هەرێم و ئێران لە ڕێگایە

14/06/2024

دەنگوباس:

عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەولێرەوە داوادەكات بەربەستەكانی بەردەم فراوانكردنی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەرێم و ئێران هەڵبگیرێن و دەشڵێت: سەقامگیری ناوچەكە بەندە بە كاركردنی دوقۆڵییەوەو لەو چوارچێوەیەشدا فراوانكردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەكانمان وەك فاكتەری سەقامگیری ناوچەكە دەبینین.

ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران كۆبونەوەو لەدوای كۆبونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا عەلی باقری باسی لەوە كرد كە هاوبەشی لە ئایین و كولتورو چارەنوسی گەلانی ناوچەكەدا هەیەو وتیشی"دوژمنان نایانەوێت ئاسایش هەبێت چ لە ئێران و چ لە عێراق و چ لە ناوچەكەش، بەڵام هۆشیاری بەرپرسانی باڵای ئێران و عێراق بە دیاریكراوی هاوڕێیانمان لە هەرێمی كوردستان رێگە نادەن دوژمنەكانمان هیچ دەرفەت و كەلێنێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دوژمنان خراپ مامەڵە بكەن."

باقری وتیشی: ئێمە كار لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەردولا دەكەین بەتایبەت لە بواری ئابوریدا، ئێمە بەجدی لەسەروبەندی فراوانكردنی پەیوەندی ئابوریدا دەبین لە بەرژەوەندی ئێمە و برایانمان لە عێراق بەدیاریكراوی لە هەرێمی كوردستان.

سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەى بەوەشکرد، لەم كۆبونەوەیەدا باس لە هەندێك بەربەست كران كە لەسەر رێگای فراوانكردنی ئەو پەیوەندییانە هەن، قسەمان لەسەر ئەوە كرد كە ئەو بەربەستانە هەڵبگیرێن و داهاتویەكی ڕووناك لەسەر ڕێگەی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی دوو قۆڵی ئێمەو عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت.

وتیشی"ئێمەو هاوڕێیانم لە عێراق بەدیاریكراوی لە هەرێمی كوردستان جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كە سەقامگیری ناوچەكە بەندە بەوەی كە بتوانین دوقۆڵی و پێكەوە كاربكەین و لەم چوارچێوەیەشدا فراوانكردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەكانمان وەك فاكتەری سەقامگیری ناوچەكە دەبینین."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا عەلی باقری ڕایگەیاند: لە كۆبونەوەكەدا سوپاسی هەرێمی كوردستانم كرد بۆ ئەو ئاسانكارییانەی كە پێشكەشی زیارەتكارانی ئێرانی دەكەن كە لە هەرێمی كوردستانەوە دێنە عێراق بۆ چلەی ئیمامی حسێن.


#ئێران
#باشووری کوردستان