راپۆرت و چاوپێکەوتن

پارتى هەنگاوێکی دیکە لە ئێران نزیکدەبێتەوە

13/06/2024

دەنگوباس:
پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەند قۆناغێک بەرەو ئاڵۆزی و گرژی ڕۆیشت، تا لە هێرشەکەى سەر ماڵی پێشڕەوزەیی گەیشتە ئاڵۆزترین ئاستى خۆی، بەڵام چەند جوڵەیەکی سیاسی بارزانییەکان هەنگاوێک پەیوەندییەکانى بردە پێشەوە.

 
درەنگانی شەوی ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی چەند مووشەکێکی بالیستی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر هەولێر و سێ مووشەک ئاڕاستەی ماڵی پێشرەو دزەیی بازرگان و وەبەرهێنی شاری هەولێر، بەهۆیەوە پێشڕەو دزەیی و هاوڕێیەکی و کچەکەی و دوو کارگوزاری گیانیان لەدەستدا، دواتر بەرپرسانى ئێران ڕایانگەیاند، ئەو ماڵە بنکەى هەواڵگیری ئیسرائیل بووە.

ئەم هێرشە پەیوەندییەکانى پارتى و ئێرانی بردە خاڵی سفر و بارزانییەکان کەوتنە هەڕەشەی جۆراو جۆر لە ئێران، مەسعود بارزانى وتی: ئەم هێرشە قبوڵ ناکەین" مەسرور بارزانى وتى: ئەم هێرشە بێوەڵام نامێنێتەوە، نێچیرڤان بارزانیش وتی: هێرشەکە ناحەقییەکى گەورە و بێ ئاگایانە بووە.

ئەمە وێستگەی یەکەمی تێکچوونى پەیوەندییەکانى پارتى و ئێران نەبوو، بەڵکو سەرەتای تێکچوونى ئەو پەیوەندییە لەوەوە دەستی پێکرد کە بارزانى تیرێکی لە ناو ماڵی شیعەکانی عێراقدا و هاوپەیمانی لەگەڵ سەدرو حەلبوسیدا کرد، لێرەوە پەیوەندی تاران و هەولێر کەوتنە لێژی.

دوای چەند مانگێک لە هێرشەکەى سەر ماڵی پێشڕەودزەیی، پرسی هەڵبژاردنەکانى هەرێمی کورستان هاتە پێشەوە، لەم پرسەدا پارتى تەنیا جێماو نەیتوانى خواستەکانى خۆی بەسەر لایەنەکانى هەرێمدا بسەپێنێت، سکاڵاکەی یەکێتى لە دادگای فیدراڵی و دواتر بڕیارەکانى دادگا لەبارەى کورسی کۆتا و بازنەى هەڵبژاردنەوە، ئەوەندی دیکە پارتى خستە گۆشەیەکەوە.

پارتى لە یەک کاتدا پەیوەندییەکانى لەگەڵ سێ گۆشەى ناو هەرێم و بەغدا و تاران ئاڵۆزتر بوو، بۆیە بەتەواوی بێهیوا بوو، لەو سەروبەندەشدا هەڕەشەکانى بارزانییەکان لێکدا لێکدا بەنزینى دەکرد بە ئاگرەکەدا، پارتى بڕیاریدا بەشداری هەلبژاردن نەکات تاکو مەرج و داواکارییەکانى جێبەجێ دەکرێت.

پارتى بۆ بەدیهێنانى خواستنەکانى لە هەلبژاردندا نێچیرڤان بارزانى کردە حەرابی ڕاستکردنەوەى دۆخەکە، بەجۆرێک لانى کەم زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە نێچیرڤان بارزانى ترافیکێکی دیبلۆماسی لە بەغدا دەست پێکردو لەگەڵ سەرجەم هێزە کاریگەر و سەرەکییەکانى عێراق جگە لە لایەنە کوردییەکان کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکانى نێچیرڤان لە بەغدا هیچی لێ سەوز نەبوو، لایەنەکان تۆپەکەیان خستەوە یاریگای نێچیرڤان بارزانى و وتیان خۆت بریاردەری دەتوانی هەڵبژاردن دوابخەیت یان نا، ئەمە هیچ لە خواست و داواکارییەکانى پارتى نەگۆڕی، بۆیە نێچیرڤان بارزانى گەڕایەوە هەولێر.

نێچیرڤان بارزانی بێ ئەنجامی سەردانەکەی گەیاندە مەسعود بارزانى، بۆیە ئەمجارەیان بارزانییەکان بڕیاریاندا لەدەرگای مەرجەعە سیاسییەکەى بەغدا بدەن کە تارانە، چونکە بۆیان دەرکەوت ئێران کلیلی دەربازبوونى ئەو گۆشەگیری و کەنارگیرییەیە کە پارتى تێیکەوتووە، بۆیە نێچیرڤان بارزانى هەستا و سەردانى تارانی کرد و لەگەڵ ڕابەری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی و فەرماندە سەرەکییەکانى سوپای پاسداران دیداری گەرم و گوڕیان کرد.

ئەمە بووە هەنگاوی یەکەمی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى پارتى وئێران، هەر لە تارانیش نێچیرڤان بارزانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا پەیوەندییەکانى ئێمەو تاران ئاسایی بوونەتەوە وچیتر ئاوڕ لەو ڕووداوە ناخۆشانە نادەنەوە کە لە ڕابردوو ڕوویانداوە.

ئەم سەردانەى نێچیرڤان بارزانی بەس نەبوو بۆ ئەوەی پەیوەندی پارتى و ئێران بەتەواوەتى ئاسایی بێتەوە، بەرپرسانى تاران چەند مەرجێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان هەبوو، نێچیرڤان بارزانى بەڵێنی تەواوی جێبەجێکردنى داواکارییەکانى بە ئێران داوە، بەڵام ئەم سەردانە پەیوەندییەکانى هەردوولای ئارام کردەوە.

ئێستا عەلی باقری وەزیری دەرەوەى ئێران بە وەکالەت بڕیارە سبەینێ هەینی سەردانى هەولێر بکات و لەگەڵ سێ بارزانییەکەدا کۆبێتەوە و پەیوەندییەکانیان جارێکی دیکە شەن و کەو بکەنەوە و هەنگاوێکی دیکە بنێن بە ئاڕاستەى ئاساییکردنەوە و بەرەو پێشبردنى پەیوەندییەکان.

سەردانەکەى باقری وەڵامێکە بۆ بانگهێشتەکەى نێچیرڤان بارزانى کە لەسەردانەکەى بۆ ئێران بە تامەزرۆییەوە بانگێشتى وەزیری دەرەوەى ئێران بەوەکالەتى کرد بۆ هەولێر و خۆشی بۆ میدیاکانى ئێران ئەوەی نەشاردەوە کە" بەشەرەفێکی گەورەوە داوای لە باقری کردوە کە سەردانى بەغدای کرد سەردانى هەولێریش بکات".

پارتى بەم هەنگاوانەى لەگەڵ ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکانی تا ئاستێکی وا بەرز بکاتەوە کە هاو شێوەی ئەو پەیوەندییانە بێت کە لایەنە شیعەکان و گرووپە شیعەکان لەگەڵ ئێران هەیانە، بەوەش پارتى ئەوەى لە هەرێم و بەغدا دەیەوێت لەڕێگەی پەیوەندییە باشەکانى لەگەڵ تاران دەستى دەکەوێت.

هەر ئەوەش نا، بەڵکو پارتى دەیەوێت لەڕێگەى تارانەوە یەکێتى جڵەوگیر بکات و دەرگای دادگای فیدراڵی و لایەنە شیعەکانى بەڕوودا دابخات، ئەمەش ئەوەیە کە پارتى لەو دۆستایەتییەى لەگەڵ ئێران دەستی دەکەوێت.

بەپێی زانیارییەکانیش سەرەتای ئەم مانگە سێ بارزانییەکە دوور لە چاوی میدیاکان لەگەڵ شاندێکی دیکەى ئێرانی لە هەولێر کۆبوونەوە و تیایدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان تەوەری سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە بووە، هاوکات ئەمە ڕێخۆشکەریش بوو بۆ سەردانەکەى عەلی باقری.


#باشووری کوردستان
#ئێران
#پارتی دیموکراتی کوردستان