جیهان

ئەردۆغان: ئیسرائیل بێبەزەییانە بەردەوامە لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی غەززە

13/06/2024

دەنگوباس
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕایگەیاند: "بڕیاری ئیسپانیا بۆ داننان بە فەڵەستیندا زۆر گرنگە. هیوادارم ئەم هەڵوێستەی ئیسپانیا ببێتە نموونە بۆ وڵاتانی دیکە کە هێشتا دانیان نەناوە بە فەڵەستیندا".

لە دوای واژووکردنی چەند ڕێککەوتنێک لە نێوان وڵاتەکەی و ئیسپانیادا، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان لە مەدرید لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی ساز کرد.
ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین کرد و ڕایگەیاند: "وەک هەردوو وڵات (تورکیا و ئیسپانیا) بەیەکەوە کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی ئیسرائیل و فەڵەستین".
سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە بارەی ئاگربەستی درێژخایەن لە غەززە، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "چاودێری ئەو بڕیارە دەکەین کە دەرکراوە".
وتیشی: "پێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بەتایبەتی ئەمریکا لە پشت ئەم بڕیارەوە بن و گوشاری پێویست بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست".
سەرۆک کۆماری تورکیا هیوای خواست ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە فەراهەم ببێت و ڕایگەیاند: "هیوامان ئەوەیە ئیدی ئیسرائیل واز لەم هێرشانە بهێنێت، زەمینەیەک بێتە ئاراوە کە ئاشتیی درێژخایەن بۆ ناوچەکە فەراهەم بکات. لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین".
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیاش، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "گفتوگۆمان کرد لەبارەی دوژمنایەتی ئیسلام و مەترسی سەر بیانی کە لە ئەوروپا ڕووی لەھەڵکشان کردووە. ئەو تابلۆیەی لەھەڵبژرادنی پەرلەمان دروستبوو نیگەرانی ئێمەی زیادتر کرد".
سەرلەنوێش ڕەخنەی لە مافی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی گرت و ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بەداخەوە چارەنووسی جیهان لە دەستی پێنج وڵاتدایە و ڕایگەیاند: "کاتێک یەکێکیان وتی "نەخێر" بابەتەکە کۆتایی دێت. لە ڕووداوی دواییدا یەکێک لەو پێنج وڵاتە بەردەوام لە پاڵ ئیسرائیلدایە".
وتیشی: "ئیسرائیل بێبەزەییانە بەردەوامە لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی. لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامی بە کۆمەڵکوژییەکانی دەدات بەتایبەتی هەڵوێستی ئەمریکا زۆر نیگەرانمان دەکات".
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ڕایگەیاند: "پێویستە ئەوەی لەدەستمان دێت بیکەین بۆ ڕاگرتنی خوێنڕێژی (لە غەززە). بەڕێز ئەردۆغان هەمان کار دەکات، بە هەمان ئاڕاستە کار دەکەین".
سەبارەت بە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا وتى: "داوا لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەکەین دان بە فەڵەستیندا بنێن. تاکە دەرچە ئەمەیە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەم بارەیەوە هەنگاو بنێت".

#ئەردۆغان
#ئیسرائیل
#تورکیا
#فەڵەستین