کوردستان

بابەکر زێباری: هاوپەیمانان دەیانەوێت لە پڕچەککردنی پێشمەرگە بەردەوام بن

13/06/2024

دەنگوباس
ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە هاوپەیمانان دەیانەوێت لە هاوکاریکردن و پڕچەککرنی پێشمەرگە بەردەوام بن و ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە ئایندەدا ڕۆڵی پێشمەرگە زیاتر دەردەکەوێت.

لیوا بابه‌كر زێباری، ڕاوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری سه‌ربازی، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی ڕاگەیاند: كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت هێزی هاوپه‌یمانان په‌یامێكی تازه‌یان داوه‌ته‌وه‌ هێزی پیشمه‌رگه‌ كه‌ پشتیوانی ئه‌م هێزه‌ ده‌كه‌ن و پشتیوانی له‌ چاكسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌، جیا له‌وه‌ش پێشمه‌رگه‌ ڕۆڵی گرنگی هه‌یه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ پێشبینی دەکرێت هاوكاری هاوپه‌یمانان بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام بێت به‌تایبه‌ت له‌ چاكسازی و یه‌كسختنه‌وه‌ی هێزه‌كان و به‌رده‌وامی دان به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانان و مه‌شق و ڕاهێنانی به‌ پێشمه‌رگه‌.
وتیشی: خواست له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی هێزی هاوپه‌یمانان هه‌یه‌ به‌م شێوه‌ی ئێستا هاوكاری پێشمه‌رگه‌ بكرێت و پێشمه‌رگه‌ پڕچه‌ك بكرێت، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ئومێده‌وارین هه‌نگاوی داهاتووی پێشمه‌رگه‌ له‌ئاست ئه‌و خواسته‌ی كۆمه‌ڵگای نێده‌وڵه‌تی بێت و چاكسازییه‌كان خێراتر بكرێن.
لایخۆشیەوە سه‌گڤان سندی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاند: به‌شێكی زۆری ده‌وڵه‌تانی جیهان له‌م قۆناغه‌ پێیان باشه‌ هاوپه‌یمانان هاوكاری بۆ پێشمه‌رگه‌ خێراتر بكه‌ن و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ بمێننەوە بۆ ته‌واوكردنی ئه‌ركه‌كان، جیا له‌وه‌ش پێویسته‌ قۆناغی داواكاری پیشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ بگۆڕێت به‌وه‌ی چه‌كی زیاتر و جۆریی بدرێته‌ پێشمه‌رگه‌.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: پێشمه‌رگه‌ توانای ئیداره‌دان و پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه‌ی هەیه‌، بۆ داهاتووش كه‌ جوڵه‌ی جیهان به‌ ئاڕاسته‌ی عێراق و كوردستانه‌ وه‌ك ڕێگەی تازه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری جیهان، ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ زیاتر ده‌ردەكه‌وێت.
#پێشمەرگە
#باشووری کوردستان