کوردستان

نوێترین زانیاری سەبارەت بە هەناردەکردنى نەوتى هەرێم ئاشکرا دەکرێت

13/06/2024

دەنگوباس:

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت: بڕی زیاتر لەچوار تریلیۆن دینار لە بودجەی گشتی ساڵی تەرخانكراوە بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، دوای پشووی جەژن ڕێككەوتنی نێوان كۆمپانیاكان و حكومەتی عێراق وهەرێم لەسەر پرسی نەوت دێتە ئاراوە .

شیروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندوە: لە كۆبوونەوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان بەرەوپێشچوونی باش هاتووەتە ئاراوە، هاوكات ئەو خاڵەی كە ناكۆكی بوو هێشتاش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بابەتی گرێبەستەكانە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕی زیاتر لە چوار تریلیۆن دینار لە خشتەی و بودجەی ساڵی 2023 بۆ  2024 تەرخانكراوە بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا هاوكات لە گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەرێم هیچ كۆسپێكی هێندە گەورە بوونی نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە دوایین كۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت لەگەڵ وەزیری نەوتدا گفتوگۆكان بە باشی بەڕێوەچوون.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەغدا داوا دەكات گرێبەستە هاوبەشییەكان بۆ قازانج بێت نەك شەریكایەتییەكی تەواو هاوكات نرخی گواستنەوەی نەوت كە لەسەری ڕێككەوتوون بریتییە لە هەشت دۆلار بۆیە دوای پشووی جەژن ڕێككەوتنی نێوان كۆمپانیاكان و حكومەتی عێراق و هەرێم لەسەر پرسی نەوت دێتە ئاراوە


#ئابووری
#عێراق