کوردستان

دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم دەكات

13/06/2024

دەنگوباس
لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بەمەبەستی پێداچوونەوە رەوانەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق كراوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: هەوڵدەدەن مووچەی هێزە ئەمنییەكان لە زووترین كاتدا دابەشكرێت.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند، پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە كردووە و پێیان راگەیاندووە كە دوای ئەوەی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئایاریان بەدەستگەیشتووە، بەمەبەستی پێداچوونەوە لیستەكەیان رەوانەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ كردووە.

وتیشی: لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی بەدواداچوون دەكەن تا مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئایار لە زووترین كاتدا دابەشكرێت.

رۆژی 10ی ئەم مانگە مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی نیسان خەرجكرا، پێشتریش لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە مووچەیان وەرگرتبوو كە ئەوانیش لەلایەن هاوپەیمانانەوە مووچەیان پێدەدرێت.


#ئابووری
#باشووری کوردستان
#مووچە