کوردستان

وەزارەتی دارایی: تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەى مووچەخۆران لە "هەژماری من" دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس

13/06/2024

دەنگوباس:

وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڵاویکردەوە: بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگای هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی پرۆژەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت، ژمارەی سودمەندان دوو هێندەی مانگی ڕابردوو بوو.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو، ئامانج لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەریەوە هەبێت.

هەروەها وەزارەتى دارایی دەشڵێت: خۆشحاڵین کە لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتر لایان درووست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لەسەر ئاستی عێراقدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی، تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن.

هەروەها وەزارەتى دارایی وتیشی: هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموولایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەرچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشداربن.


#ئابووری
#باشووری کوردستان
#مووچە