دەنگوباس:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، سەرژمێریی ئەزموونی بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و دەرکەوتووە ژمارەی ناوەندیی ئەندامانی خێزان شەش کەسە، بەڵام کەمترینیان لەسنووری پارێزگای سلێمانییە کە تەنیا چوار کەسە.
زیا عەواد، سەرۆکی دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا، سەرکەوتنی پڕۆسەی سەرژمێریی ئەزموونی ڕاگەیاند وتی: پرۆسەی سەرژمێریی ئەزموونی لەتەواوی پارێزگاکانی عێراق بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەزار فەرمانبەر لە تەواوی پارێزگاکان بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە و سەرژمێری لە 86 ناوچە ئەنجامدراوە، 41 ناوچەیان لەناوەندی شارەکان لەگەڵ 45 گوند، کە بەسەر 503 کەرتدا دابەشکرابوون و هەر کەرتێکیش 100 بینا بووە.
سەرۆکی دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەکرد، بەگوێرەى سەرژمێرییەکە دەرکەوتووە ژمارەى ناوەندیی ئەندامانی خێزان لە تەواوی پارێزگاکان شەش کەسە، لە پارێزگاکانی باشوور حەوت کەسن، بەڵام کەمترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە بە چوار ئەندام بۆ هەر خێزانێک دیاریکراوە".
بەپێی وتەی سەرۆکی دەستەى ئامار لەسەر ژمێرێکەدا بۆیان دەرکەوتووە، 91%ـى سەرۆکی خێزانەکان نێرن و تەنیا 9%ـى خێزانەکان سەرۆکەکانیان لە رەگەزی مێ بوون، هەروەها رێژەی نێر 50.1% و رێژەی مێ 49.9% بووە.
#باشووری کوردستان
#سلێمانی