کوردستان

شەڕی تەکنیکی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەستیپێکرد

13/06/2024

دەنگوباس
لە دوێنیوە پەیجی فەرمی کەناڵ8 داخراوە کە بە کەناڵەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەناسرێت و "دەنگوباس" زانیوێتی کە پەیجەکە لە ئەنجامی هێرشی تیمی ئای تی میدیای لاهور شێخ جەنگییەوە داخراوە.


دوو سەرچاوە دەربارەی هۆکاری داخستنی پەیجەکەی کەناڵ8 بە "دەنگوباس"یان ڕاگەیاند، تیمی "ئای تی" کەناڵ8 ڕیپۆرتیان لە چەند بابەتێکی کەناڵی "زووم"ی سەر بە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی "بەرەی گەل" داوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر چالاکی پەیجەکەیان دروست کردووە.

بە وتەی سەرچاوەکان، کەناڵ8 ئامادە نەبووە ڕیپۆرتەکانی سەر پەیجی کەناڵەی لاهور شێخ جەنگی لاببەن، بۆیە لە بەرامبەردا تیمی ئای تی "زووم" زنجیرەیەک ڕیپۆرتیان لە پەیجی فەرمی کەناڵ8 داوە و لە ماوەیەکی کورتدا توانیویانە پەیجەکە بە یەکجاری دابخەن.

"دەنگوباس" زانیوێتی یەکێتی و کەناڵ8 لە ئاستی باڵادا داوایان لە کەناڵی "زووم" کردووە ڕیپۆرتەکانی سەر پەیجی کەناڵەکە لاببات، بەڵام تا ئێستا "زووم" ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە.

ئێستا کەناڵ8، ناوی پەیجە وەرزشییەکەی "کەناڵ8 سپۆرت"ی گۆڕیووە و کردوویەتی بە پەیجی سەرەکی کەناڵەکە و لەوێوە هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە.


#لاهور شێخ جەنگی
#بافڵ تاڵەبانی