راپۆرت و چاوپێکەوتن

ڕۆژنامەیەکی قەتەری: سەدر دەگەڕێتەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد ناکات

13/06/2024

دەنگوباس
تا دێت هەوڵەکانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بۆ گەڕانەوە بۆسەر شانۆی سیاسی عێراق چڕتر دەبێتەوە، بەڵام چاوی ئەمجارەی سەدر بە تەنها لەسەر دەنگدەرە شیعییەکان نییە، بەڵکو ئەمجارە بە ئاڕاستەیەکی دیکە کاردەکات.


ڕۆژنامەی عەرەبی  جەدید-ی قەتەری لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا ئاشکرایکردووە، هیچ کەسێك لە لایەنگرانی سەدر وادەی گەڕانەوەی ڕەوتەکەیان بە دیاریکراوی بۆ گۆڕەپانی سیاسی نازانن، بەڵام خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکەن و هەوڵدەدەن کەمترین دەرکەوتنیان لە میدیاکانەوە هەبێت.

سەدر پێنج لیژنەی ناوەندیی پێکهێناوە، لیژنەیەکیان سەربەخۆیە و بەسەرۆکایەتی حەسەن عەزارییە و کاردەکات بۆ پرسی پەیوەست بە پەرلەمان.

پلانەکەی سەدر بەشێوەیەکە هەوڵی ڕاکێشانی "جەماوەری بێدەنگ" دەدات کە لە عێراق ژمارەیەکی گەورەی دەنگدەران پێکدەهێنن، بەشێکیشیان ئەوانەن کە لە لایەنە شیعەکان تۆراون.

بەڵام وەك ڕۆژنامە قەتەرییەکە دەڵێت، ئەمجارە سەدر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە وەك سوننە و شیعە هاوکپەیمانێتی ناکات، چونکە ئەو جەماوەرە بێدەنگەی سەدر دەیەوێت بەرەو خۆی ڕایان بکێشێت، لە سوننە و کورد بێزاربوون.

سەرکردەیەکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بە ڕۆژنامەکەی وتووە "جەماوەری شیعە بێهیواترین چینی کۆمەڵگەن، ناوچەکانیان لە بێ خزمەتگووزاریدا نوقمبووە، بۆیە ئێمە بە دوو ئاڕاستە کاردەکەین، هەم خەڵکی نوێ بۆ ڕەوتەکەمان ڕابکێشین، هەم لایەنگرە دێرینەکانی ڕەوتەکەی خۆشمان بهێڵینەوە".

ئەیهەم ڕەشاد، چالاکوانی سیاسی بە ڕۆژنامەکەی وتووە، سەدر لەڕووی سەربازیشەوە دەیەوێت ئەمجارە جیاواز دەرکەوێتەوە، بۆ نمونە بەشێک لە سەرکردەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق-ی بەرەو ڕەوتی نیشتمانیی شیعە ڕاکێشاوەتەوە، کە پێشتر عەسائیب لە هەناوی سەدرییەکانەوە لەدایکبو و پاشان جیابوونەوە.

ڕەشاد دەشڵێت، سەدر دەیەوێت خەڵکی بێبەش و هەژار بەرەو خۆی ڕابکێشێت، ئەویش بە بانگەشەی ئایینی و مەزهەبی، بەڵام کاری سیاسی پێویستی بە بەرنامەی خزمەتگوزایی دەبێت، بەڵام لەوبارەیەوە سەدر هیچ قسەیەکی نییە.
#عێراق