کوردستان

موسەننا ئەمین: هەندێک لە بەرپرسە ئەمنییەکان بە تورەکە و فەردە پارەیان وەرگرتووە

12/06/2024

دەنگوباس:

ئەندامێکی پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی مووچە هیچ کێشەیەکی نەماوە، کێشەکە تەنیا لەنێوان حکومەتى هەرێم و بەغدایە و حەقیش بە حکومەتى بەغدایە، دەشڵێت: هەندێک لە بەرپرسە ئەمنییەکان بە تورەکە و فەردە پارەیان وەرگرتووە

موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کۆمەڵێک مووچەى ئەمنی هەیە دەچێتە گیرفانى بەرپرسانی هەرێمەوە، ئەمەش کێشەی بۆ مووچەى هێزە ئەمنییەکان دروست کردوە، پێشتر ئەو بەرپرسانە بە تورەکە و گونییە پارەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانیان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا مووچەکانیان چووەتە سەر وەزارەتى دارایی عێراق، وەزارەتى داراییش ناتوانێتت مووچە بە کۆد و ژمارە بدات.

وتیشی: لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی مووچە هیچ کێشەیەکی نەماوە، کێشەکە تەنیا لەنێوان حکومەتى هەرێم و بەغدایە و حەقیش بە حکومەتى بەغدایە، چونکە داتای ورد و دروستى لەسەر مووچەخۆران لەبەر دەست نییە کە پێویستە لەبەر دەستى بێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، داواکاری ئەوان لە حکومەتى عێراق ئەوە بووە کە سازش نەکات لە وەرگرتنى زانیاری لەبارەى مووچەخۆرانى هەرێم و هێزە ئەمنییەکان، بۆ ئەوەى ئەوانە ماف و شایستەکانی خۆیان وەربگرن.


#باشووری کوردستان
#مووچە