کوردستان

وتەبێژی حكومەت: دوای جەژن مووچەیەكی دیكەی هێزە ئەمنییەكان خەرجدەكرێت

12/06/2024

دەنگوباس:

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان نەماوە و دوای جەژن مووچەیەكی دیكەی هێزە ئەمنییەكان خەرجدەكرێت.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: داواكارییەكانی بەغداد بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان جێبەجێكراون و ڕێككەوتن كراوە و هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان نەماوە.

وتەبێژی حکومەتى هەرێم وتیشی: چاوەڕواندەكرێت دوای جەژن مووچەیەكی دیكەی هێزە ئەمنییەكان خەرجبكرێت.

هەروەها وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، یەک هەفتە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشوو دەبێت و ڕۆژی یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) دەوامی ئاسایی لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە.



#باشووری کوردستان
#حکومەتی هەرێمی کوردستان