کوردستان

ئەنجومەنى وەزیران: هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

12/06/2024

دەنگوباس:

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا ڕێكارەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و وردەكاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حكومەت و كۆمپانیا نەوتییەكانی تاوتوێكرد.

 
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی وەفدی حكومەتی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ بەغداد و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە ڕێكارەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و وردەكاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حكومەت و كۆمپانیا نەوتییەكانی كرد و ئاماژەی دا كە لە كۆبوونەوەكاندا، وەفدی حكومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە هەرچی زووە ڕێكار و میكانیزمی چارەسەركردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیكترین دەرفەتدا، لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتیی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەكان، تاكو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات، كە ئەمە خواستی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ وكۆمپانیا نەوتیەكانیشە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكانی بەغداد، ئامادەیی حكومەتی هەرێم دەربڕدراوە بۆ هەر كارئاسانییەك لەم پێناوەدا بە ڕەچاوكردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستووریەكان و بەرژەوەندیی گشتیی هاوبەش، كۆبوونەوەكانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامدەبن.

ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەكانی تیمی دانوستانكاری كرد و جەختیشی لەوەكردەوە كە حكومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترینكاتدا بگەن بە ڕێككەوتنی كۆتایی.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتێكی بەرفراوان و پڕ لە زانیاری لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی كوردستان پێشكەشكرد كە بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.

لە كۆتاییدا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ئامادەسازییەكانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانییەوە لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو و ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد هاوكاریی وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.


#باشووری کوردستان
#حکومەتی هەرێمی کوردستان