دەنگوباس
ڕۆژنامەیەکی سعودیی ئاشکرایکردووە، هێرش بۆسەر میلیشیا شیعەکانی عێراق نزیکبووەتەوە.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەڕاپۆرتێکدا بەناونیشانی "گورزوەشاندن لەگروپەکانی سەر بەئێران لەعێراق نزیکە" ئەمڕۆ چوارشەممە لەزاری سەرچاوە حکومییو سیاسییەکانەوە زانیاریی ئەوەی ئاشکراکردووە، لەدوای زیادبونی هێرشەکان بۆسەر ئیسرائیل لەهەفتەی ڕابردودا ئەگەری هەیە هێرشبکرێتەسەر پێگەکانی ئەو میلیشیایانەی سەر بەئێران لەعێراق.
عێراقییەکان باسیان لەوەکردووە، هێرشەکان میلیشیا شیعە عێراقییەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام ئەو سەرچاوانە ئامادەنەبون دیاریبکەن کە کێ ئەو هێرشانە ئەنجامدەدات، هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل دوپاتیانکردوەتەوە کە سوپای ئیسرائیل بەنیازە هێرشی بەرفراوان بکاتەسەر ئەو گروپە چەکدارییە شیعییە عێراقیانەی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات.
ئەو هەڕەشەیە دوای زیادبونی هێرشی موشەکی گروپە شیعییە عێراقییەکان بۆسەر ئیسرائیل دێت لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا، کە بەگوێرهى ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئەمەش ترسی لای واشنتۆنو بەشێک لەهاوپەیمانەکان سەبارەت بەتۆڵەکردنەوەی گریمانکراوی ئیسرائیلو زیادبونی گرژیی لەناوچەکە دروستکردوە.
سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕۆژنامە سعودییەکەی ڕاگەیاندوە، ئەگەری یاخیبونی گروپە چەکدارییە شیعییەکان بەهۆی ناکۆکیان لەسەر دەسەڵاتو هەژمون لەنێوان هێزە شیعییەکان هەیە، پەیامەکەش ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و ئێرانە، ئەو یاخیبونەش ئامانج لێی هاوسەنگی هێزە شیعییەکانە.
#عێراق