دەنگوباس
دوای چەندین مانگ هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدا، بەتایبەت کە لە چەند مانگی داهاتوودا پەیوەندییەکانی هەردوولا دوای سەردانەکەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ڕاگەیەنراوێك خەریکە ڕیسەکە لە عێراق دەکاتەوە بە خووریی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی سێشەممە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو وتی: "ماتیو میلەر، وتەبێژی دەرەوەی دەرەوەی ئەمریکا لێدوانی نادروستی داوە، لە لێدوانەکەیدا بەرپرسیاریەتی کردەوەکانی پێشێلکردنی ئاسایشی عێراقی خستووەتە ئەستۆی حەشدی شەعبی".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەبارەی هێرشی سەر چێشتخانەکان و براندە ئەمریکییەکان، قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە و دەڵێ: "حەشدی شەعبی نییە".
بەماوەیەکی کەم دوای ئەو ڕاگەیەنراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، گەشت بۆ عێراق نەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات: لەنزیکەوە چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە باس لە هێرشکردنە سەر ئەو شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییانە دەکەن، کە پێیانوایە ئەمریکین.
ئەو ئاگادارییەی ئەمریکا پێشهاتێکی نوێیە لەماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا، چونکە هەرچەند بەغدا و واشنتۆن ناکۆک بوبێتن، هێشتا ڕێگرییان کردووە لەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە قسەی توند بەرامبەر بە یەك بکەن.
لەپاش پەیامەکەی ئەمریکا، یەکەم کاردانەوە لەسەر بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەرکەوت، چونکە دوای چەند مانگێك دووبارە دۆلار گەڕایەوە ئاستی 147 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك، هاوکات پێشبینی دەکرێت دۆلار بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. ئەوەش بەهۆی ئەو ڕەوشە نوێیەی لە عێراق هاتووەتە پێشەوە.
هەفتەی رابردوو، لە بەغدا هێرشکرایە سەر چەند چێشتخانە و کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەوانە؛ زنجیرە خواردنگەی کەی ئێف سی، چیللی هاوس و کۆمپانیای کاتەرپێلەر. هێرشەکان لەلایەن ژمارەیەک چەکدار دەکرێن کە بەشێکیان دەمامکدارن و سەر بە گرووپە چەکدارەکانی عێراقن.
رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ، گرووپێکی نوێیان دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارن بە رووداوەکانی هێرش و کاری تێکدەرانەی رۆژانی رابردووی سەر ژمارەیەک چێشتخانەی کەی ئێف سی و بریکارەکانی بیانی لە ناوچە جیاوازەکانی شاری بەغدا".
دۆخی ئەمنی بەغدا بەراورد بە ڕابردوو جیاوازە، ڕۆژانە پەیتا پەیتا هێزی نوێی سەربازیی و ئەمنی بڵاوەی پێدەکرێت، ئەوەش لەدوای هێرشی سەر زنجیرە ڕێستۆرانت و دامەزراوە ئەمریکییەکان. هاوکات لە زۆر شوێن خاڵی پشکنین دانراوە و لێپرسینەوەی توند دەکرێت.
چەند ساڵێکە بەغدا بەوشێوەیەی ئێستا نەبینراوە، سەر شەقامەکان هێزەکانی دژەتیرۆری تێدا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام عەلی نیعمە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئەو کارە کێشە بۆ ناوبانگ و ئەمنیەتی بەغدا دروستدەکات.
ئەحمەد شەریفی، شارەزای ئەمنی بۆچوونی وایە دۆخی ئەمنی بەغدا و بڵاوپێکردنی ئەو هەموو هێزانە، بەغدای وەك گۆڕەپانی جەنگ لێکردووە و لەسەر هەموو سوچێك هێزێکی سەربازیی دەبینرێت.
سودانی نایەوێت هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا ببێتە تیرێك و لە دڵی حکومەتەکەی بدات، بەتایبەت سودانی سود لەو داتایانە دەبینێت کە لەسەر حکومەتەکەی بڵاودەبنەوە و لە هەندێکیاندا زیاتر لە 60%ی خەڵکی عێراق پاڵپشتیی دەکەن.
هاوکات عێراق نزیکدەبێتەوە لە هەڵبژاردنی گشتیی، بۆیە سودانی دەیەوێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەر خۆی حاکمی عێراق بێت، بەڵام پێدەچێت نەیارەکانی سود لە جەنگی غەززە و مانەوەی ئەمریکا لە عێراق وەربگرن و بە تیرێك دوو نیشانە بپێکن، هەم دڵی لایەنگرەکانیان خۆش بکەن بەوەی دژی ئەمریکا دەوەستنەوە، هەم نیشانەکەی سودانیش بپێکن بەوە بیر لە خۆ کاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق نەکاتەوە.
#عێراق
#ئەمریکا