کوردستان

بابەکر زێباری: دوو فرقه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ لە دهۆک و سلێمانی دروستكراوه‌

11/06/2024

دەنگوباس:

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، دوو فرقه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ یەکێک لە دهۆک و ئەوی تر لە سلێمانی دروستكراوه‌و دەشڵێت:کاری یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی زۆر باش و بەبێ بەربەست بەڕێوە دەچێت.

بابەکر زێباری راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتى ڕاگەیاندوە: کاری یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی زۆر باش و بەبێ بەربەست بەڕێوە دەچێت، ئێستا کار لەسەر دروستکردنی فرقە دەکرێت.
وتیشی: لە ماوەی ڕابردوو دوو فرقە دروستکران، ئێستاش کار لەسەر فرقەی سێ دەکرێت و کاری زۆر باشی تێدا کراوەو لە قۆناغی کۆتایی دایە و لە پارێزگای دھۆک دروست دەکرێت.
زێباری ئاماژەى بەوەشکردوە، ھەر فرقەیەک چوار لیوایەو ھەر لیوایەکیش سێ فەوجەو ھەر فەوجێک چوار فەسیلەیە، بەو شێوەیە دروست دەبێت.
هەروەها ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم ڕوونیکردوەتەوە، بڕیارە فرقەی چوارەم لە پارێزگای سلێمانی دروست بکرێت.
جەختیشیکردوەتەوە، حکومەتی ھەرێم زۆر جدییە لەوەی سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێن، ھاوپەیمانانیش ھاوکاری سەرەکین لە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.
بابەکر زێباری وتیشی: پرۆسەکە زۆر باش بەڕێوە دەچێت و بڕیارە ١١ فرقە دروست بکرێن، بەڵام کاتی پێویستە و بە قۆناغیش جێبەجێ دەکرێت، بۆیە بە دوو تا سێ ساڵی دیکە کارەکان تەواو دەکرێن.


#باشووری کوردستان