رۆژهەڵاتی ناوەراست

فەخری کەریم: سەرکردەیەکی شیعە وتی سودانی بەڕێوەبەری گشتییە نەك سەرۆك وەزیران

11/06/2024

دەنگوباس:
فەخری کەریم، سیاسەتمەداری عێراقیی و ڕاوێژکاری سەرۆك کۆماری پێشووتری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەرکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق قورسە، هاوکات قسەی یەکێك لە سەرکردە شیعەکان لەبارەی سودانیەوە دەگێڕێتەوە.


فەخری کەریم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایگەیاند، "سودانی دەستپێشخەریی ئەرێنی هەیە و دەیەوێت بەرنامە حکومیەکەی سەرکەوتوو بێت، بەڵام لەژێر فشاریشدایە".

بەوتەی فەخری کەریم، یەکێك لە سەرکردە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی قسەیەکی کردووە کە بە وتەی فەخری کەریم "قسەیەکی ناخۆش و بێزارکەر بوو" ئەو دەڵێت: "کاتێك لەبارەی سودانیەوە پرسیارم لەو سەرکردەیە کرد دەربارەی ڕۆڵی سەرۆك وەزیران، سەرکردەکە وتی سودانی بۆ ئێمە لە کاروباری سەرەکی و ستراتیژیدا بەڕێوەبەری گشتییە، هەرچی پەیوەندیی بە بابەتی ئیدارەدانی ڕۆژانەوە هەیە، ئەوە سودانی سەرۆك وەزیرانە" وەك فەخری کەریم دەڵێت، ئەوە کەمکردنەوە بووە لە ڕۆڵی حکومەت.

فەخری کەریم نهێنییەک ئاشکرادەکات و دەڵێت، سەرکردە سیاسییە شیعەکان لەسودانی دەترسن، کە ببێتە سەرکردەیەکی نوێ و لە پلانیاندایە شەش مانگ پێش هەڵبژاردن لە پۆستەکەی دووری بخەنەوە.
#عێراق