کوردستان

دیار عومەر كرایە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان

10/06/2024

دەنگوباس

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ دیار عومەر، وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.

 
بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆماندۆی كوردستان، لە بارەگای هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە مەڕاسیمێكدا، کە عومەر عوسمان، باوكی ئاكام عومەر، فەرماندەی پێشووی هێزی کۆماندۆ و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و سەرخێڵ كەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش ئامادەبوون، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ موقەدەم دیار عومەر، وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.

بافڵ تاڵەبانی لە مەڕاسیمەکەدا یادەوەرییەکی فەرماندە ئاكام-ی وەبیرهێنایەوە و وتی، “شەهید ئاکام پێیگوتم ئەوەی دوای من دێت، زۆر بەهێزتر و ماندوونەناسانەتر پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکات، توندتر بەگژ گەندەڵیدا دەچێتەوە و پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا دەکات”.

دیار عومەری ڕاسپارد، “وەک هەمیشە و بەهەمان ڕۆحییەتی شەهید ئاکامەوە پارێزەری خاکی کوردستان بن، کۆماندۆی کوردستان ئەمانەتی فەرماندە ئاکامە و دەبێت هەمووتان هاوشێوەی ئەو سەرڕاست و ئەمەکداربن بۆ یەکێتی و کوردستان”.

لای خۆشیەوە، باوكی ئاكام عومەر باسی لەوەكرد، کۆماندۆی کوردستان بەخوێنی ئاکام و پۆلێک شەهیدی کۆماندۆی کوردستان دروستبووە و قوربانیی زۆری لەپێناودا دراوە، دڵنیام ئێوەش بەو رێگەیەدا دەڕۆن و پارێزگاری لەو هێزە دەکەن کە خۆشەویستی هەموومانە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی کوردستان "سوپاسی متمانەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد بۆ راسپاردنی بۆ ئەو ئەركە گرنگە" و ڕاشیگەیاند، "پێشتر لەگەڵ شەهید ئاکام و کوڕانی کۆماندۆ بەڵێنمان بە خوا و نیشتمان داوە، کە ئێمە کوڕە دڵسۆز و بەئەمەکەکانی کوردستان بین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە وەک هەمیشە و بە پشتیوانیی سەرۆک بافڵ، درێژەپێدەری رێبازی یەکێتی و شەهیدان دەبین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا دەبین".

ئاکام عومەر لە ساڵی ١٩٨٦ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی سەیداوە لەدایکبووە و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ڕێکەوتی ١٩ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە تەقینەوەیەکدا بە سەختی بریندار بوو و دوای ٥٤ ڕۆژ مانەوەی لەژێر چاودێری چڕدا لە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.


#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#بافڵ تاڵەبانی