دەنگوباس
وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سەرجەم کارەکانى کۆمیسیۆن وەستاون و چاوەڕێى مەرسوومى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانن بۆ دیاریکردنى کاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، "چاوەڕوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانین وادەى نوێی هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاریبکات، دواکەوتنى دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن کاریگەرى لەسەر کارەکانى کۆمیسیۆن بەجێهێشتووە".
غەلای وتیشى، "کارەکانمان بەهۆى دیارینەکردنى وادەى نوێی هەڵبژاردنەوە راگیراوە و کۆمیسیۆن ناتوانێت کارەکانى بکات، تاوەکو وادەى نوێی هەڵبژاردن دیارینەکرێت".
وتەبێژى کۆمیسیۆن ئاشکرایکرد، لەناو ئەو حیزبانەى بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردبوو تاوەکو ئێستا تەنیا پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادەى پیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هەروەها تاوەکو ئێستا بەربژێرانى کۆتا ناوى خۆیان بۆ پێنج کورسیى کۆتاکان تۆمارنەکردووە".
#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان