دەنگوباس
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەنوێترین لێدوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقیە ڕایگەیاند، "دەگەڕێین بۆئەوەی لەسەرچاوەی دیکەوە نەوتی عێراق بگەیەنینە بازاڕەکانی جیهان".
وەزیری نەوتی عێراق وتیشی "تا بەر لە ڕاگرتنی، ئێمە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتمان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد".
لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەزیری نەوتی عێراق وتی "لەگەڵ تورکیا لە دانوستانداین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، لەنێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت".
ئەوەی ئێستا لەنێوان بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کێشەیە تێچووی دەرهێنانی نەوتە، بەغدا ئامادە نییە لە 8 دۆلار زیاتر بداتە تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیل نەوتێك، بەڵام هەرێمی کوردستان داوادەکات تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بە 20 دۆلار دیاریبکرێت.
#باشووری کوردستان
#عێراق
#نەوت