جیهان

"ئێف ئێس کەی"، هێزە تایبەتەکەی نەرویج

09/06/2024

دەنگوباس
"ئێف ئێس کەی"، یەکەیەکی ئۆپەراسیۆنی تایبەتە لەنێو ھێزە سەربازییەکانی نەرویج و دوو ئەرکی سەرەکیی هەیە کە بریتیین لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و ئەرکی دژەتیرۆر.


ئەم یەکەیە لە ساڵی 1982 دامەزرا بەهۆی زیادبوونی هەڕەشە و مەترسیی چالاکییە تیرۆریستییەکان دژی بەرژەوەندییەکانی نەرویج، بە تایبەت سەکۆکانی دەرهێنانی نەوت لە دەریای باکووردا.

کارمەندانی ئەم یەکەیە به شێوەیەکی تایبەت ڕاهێنراون بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر سەکۆ و کێڵگە نەوتییەکان.

لە ساڵی 2014، ئەم یەکەیە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی تایبەتیی دەریایی و لەژێر ناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی نەرویج یەکخران. ئەم یەکەیە ناوەندێکی سەرەکیی ڕاهێنانی پەڕەشووت و ڕاهێنانەکانی ئەرکی دژەتیرۆرە بۆ سەرجەم هێزە سەربازییەکانی نەرویج. جگە لەمەش، لەگەڵ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە وڵاتانی تر کاری هاوبەش و هەماهەنگی دەکات، لەوانە SAS و SBS ی بەریتانیا و هێزەکانی Delta و هێزی دەریایی ئەمریکا.

هاوشانی هێزە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە کۆسۆڤۆ و ئەفغانستان، ئەرک و بەرپرسیارێتیی سەربەخۆی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکییە تیرۆریستییەکاندا، بەڵام ئەرکێکی تایبەتیشی هەیە کە بریتییە لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی پۆلیس لە حاڵەتی ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر بەتایبەت لە دەریادا.

"ئێف ئێس کەی"، لە کاتی جەنگدا، کۆمەڵێک ڕۆڵی سەرەکیی هەیە، لەوانە: ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هێرشکردنە سەر ئامانجە مەترسیدارەکان، دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی سەرچاوە و چالاکییەکانی دوژمن، دابینکردنی ئاسایش بۆ کارمەندان و دامەزراوەکان، پاڵپشتیکردنی هێزەکان لە کاتی ڕزگارکردنی کارمەندە سەربازییە گرنگەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری.
سەرچاوە: دژە تیرۆری کوردستان

#دژە تیرۆر
#نەرویج
#جیهان