راپۆرت و چاوپێکەوتن

نە خواستەکانی پارتی جێبەجێکران و نە سندووقەکەش لە ماڵی قوباد تاڵەبانی دانرا

09/06/2024

دەنگوباس
بە پێی ئەو وادەیەی کە پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داینابوو، دەبوو 10ی حوزەیران، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرایە، بەڵام دواکەوتنی هەڵبژاردنەکە لاوازی پێگەی سیاسی هەردوو حزبی حکومڕانی دەرخست بەوەی ئێستا قۆناغێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و ئەوە تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نین کە بڕیارە چارەنووسسازەکانی هەرێم یەکلا دەکەنەوە.

 
دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، پارتی خۆی دوورەپەرێز گرت و ڕایگەیاند، ئامادە نییە لە "هەڵبژاردنێکی پێشوەخت دیزاینکراودا" بەشداری بکات.
بە پێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەڵوەشێندرایەوە و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش درایە دەست کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێش ئەوەش کۆمسیۆن هەرێمی کوردستانی بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش کردبوو، هەر سێ بڕیارەکەش پێچەوانەی خواست پارتی بوون بۆیە پارتی لە ژێر دەستەواژەی "هەڵبژاردنی پێشوەخت دیزانکراو" هەموو هەوڵێکی بۆ پەکخستن یاخود لانیکەم دواخستنی هەڵبژاردنەکە دا بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان لە پرۆسەکە دەربچێت.

لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی وەک براوەی ڕکابەرییەکەی بەغدا نیشان دەدا و لەگەڵ هەر دەرکەوتنێکی بەرپرسانی ئەو حزبەدا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە "کاتی دیاریکراوی خۆیدا" دەکردەوە، بە تایبەتیش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە زیاتر لە چوار بۆنەدا زۆر بە دڵنیاییەوە لەبەردەم مایکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا دەیگوت: "هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت".
جگە لەوەش یەکێتی هێندە دڵنیابوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکی حزبیدا زۆر بە متمانەوە ڕایگەیاندبوو "ئەگەر لە ماڵی خۆمادا لە هەولێر سندووقم دانابێت، هەلبژاردن هەر دەکرێت".

بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاری خۆی، پارتی ترافیکێکی سیاسی لەگەڵ لایەنە یار و نەیارەکانی لە بەغدا دەستپێکرد بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت پشتیوانی بۆ جێبەجێکردن داواکارییەکانی بەدەستبهێنیت، بە تایبەتی لەگەڵ ئەو لایەنە شیعەیانەی بە نزیک لە ئێران هەژمار دەکرێن و پێشت پارتی لە میدیاکانییەوە وەک دوژمن وێنای دەکردن.

دوابەدوای ئەوەش پارتی پەنای بردە بەر تاران و لە دەرگای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دا بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئەو گۆشەگیرییە سیاسییەی تێیکەوتبوو.

هەرچەندە بە بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری هەڵبژاردن بڕیار درا لە کۆی 100 کورسییەکەی پەرلەمان پێنجیان بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێت، بەڵام لەولاوە دادگای فیدراڵی سکاڵیەکی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی ڕەتکردەوە کە داوای کەمکردنەوەی کورسییەکانی سلێمانی و زیادکردنی کورسییەکانی هەڵەبجەی کردبوو.

دوای بێ ئاکامبوونی هەوڵەکانی، ئەمڕۆ پارتی بە فەرمی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی ئااگدارکردەوە کە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام بێ ئەوەی هیچکام لە داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێن و وەک دۆڕاوێک ڕادەستی واقیع بوو.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دۆڕاوێکی دیکەی ئەم ململانێ سیاسییە بوو، چونکە نەیتوانی بەڵێنی سەرۆکی حزبەکەی بباتە سەر کە بەردەوام دووپاتی دەکردەوە کە دەبێت هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیراندا بکرێت.



#هەڵبژاردنی کوردستان
#پەرلەمانی کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#پارتی دیموکراتی کوردستان