کوردستان

وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان ژمارەیەک بڕیاری ڕاگەیاند

09/06/2024

دەنگوباس:

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بۆ ڕۆژانى جەژنی قوربان ژمارەیەک بڕیار و ڕێنمایی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و دەڵێت: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی لە ڕۆژانی جەژنی قوربان ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەکان.
بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
هاتنەژوورەوەی راگەیاندن تەنها لە رێگای راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت.
ئاماری رۆژانە دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێر لە رێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە 8ی بەیانی تاوەکو 8 بەیانیی رۆژی دوایی رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
رۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت، وەڵام بدرێتەوە.
نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆماربکەن.
سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.
سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.
تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی 122 بەردەوامدەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی 24 کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندرووستی) بەردەوامدەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
تیمەکانی تەندرووستی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤێتەرنەری چاودێریی شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ بکەن و چاودێریی مەرجە تەندروستییەکان بکەن.
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوامدەبێت.


#باشووری کوردستان
#تەندروستی