کوردستان

وەزارەتی دارایی هەرێم: لیستى مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانمان ئاڕاستەی بەغدا کرد

09/06/2024

ناوەندی هەواڵەکان:
وەزارەتى دارایی و ئابوری حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند: لیستى مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتمان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق كرد تا بودجەی پێویستییان بۆ تەرخان بكرێت.
سەر لە ئێوارەى ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە مووچەى خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانیان، ئەمڕۆ ڕۆژی یەکشەممە بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لیستى مووچەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانمان ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی عێراق کرد.
ئاماژەى بەوەشکردوەن لیستی ناوی 13 هەزار و 120 خاوەن پێداویستیی تایبەت ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە تا بودجەی پێویستییان بۆ تەرخان بكرێت.
حکومەتى هەرێمی کوردستان لەسەر داوای حکومەتى عێراق ناوی سەرجەم وەزارەتى و فەرمانگەکانى حکومەتى بۆ بەبانکیکردن و ناردنى مووچەى بەجیا ڕەوانە بەغدا کردوە و هێشتا بەشێکی دیکە لە وەزارەت و فەرمانگەکان ماون ناوەکانیان ڕەوانە بکرێت.
پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچووندایە لەلایەن دیوانى چاودێری دارایی عێراقەوە و بڕیارە ئەوانیش بە سیستەمی بەبانکیکردن مووچەکانیان وەربگرن، بەو هۆیەشەوە دوو مانگە مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکراوە.


#ئابووری
#باشووری کوردستان
#مووچە