کوردستان

وەرزی ئاگر.. ئاگر هەرێمی کوردستان دەسووتێنێت

09/06/2024

دەنگوباس:
هەموو ساڵێک لە کۆتایی وەرزی بەهار و سێ مانگی هاوین ئاگر لە دارستان و پووش و پاوانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە و زیانێکی گەورە بە ژینگەی کوردستان دەگەیەنێت، زۆرجاریش ئەو ئاگرانە زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە، ئەم دوو مانگەی ئەمساڵ خەریکە هەموو هەرێم دەسووتێنێت، ئەگەر سێ مانگی هاوینیش بەمجۆرە بێت ئەوە زۆرینەی خاکی هەرێم دەسووتێت.


ماوەی دوو مانگە بە بەردەوامی ئاگر لە دارستان و پوش و پاوانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەکەوێتەوە، هاوکات دەخڵ و دانی جوتیارانیش بەشێکی دیکەن لە سووتەمەنی ئەو ئاگرانەی دەکرێنەوە و زیانێکی مادی زۆر بە جووتیاران دەگات.

هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە زۆرن، بەشێکی بە مەبەستن و بەشێکیشیان بەهەڵەیەک یان لە ئەنجامی کارکردنی دیکەدا دروست دەبن، بەڵام مەبەست و هۆکارەکان هەرچی بن، لەوە ناگۆڕێت کە ئەو ئاگرانە زیانی ژینگەیی و مادیی زۆریان لێکەوتووەتەوە، هاوکات کەمتەرخەمی و بێ پلانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەردەخات.

بەپێی هەندێک ئاماری نا فەرمی لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 100 ئاگر لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە کە بەشێک لەو ئاگرانە لە ناوچە سروشتییەکان بوون و بەشێکیشیان لە زەوی کشتوکاڵی بوون.

هەر ئەمڕۆ لە دوو ناوچە ئاگر لە دارستان و پووش و پەڵاش کەوتووەتەوە و تائێستا هەردوو ئاگرەکە بەردەوامە و نەکوژاوەتەوە، ئەوانیش ئاگر لە پوش و پەڵاشی دەشتی پەردێ لە سنووری پارێزگای کەرکووک، دووەم لە ناوچەکانی سنووری شارباژێر.

یەکێک لە کێشەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوانە کە درەنگ کۆنترۆڵ دەکرێن و زیانی زیاتریان لێدەکەوێتەوە، نەبوونی ڕێگای ئۆتۆمبێل یان خراپی ئەو ڕێگایانە نەتوانینی چوونی ئامڕازەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەشێکیشی بەهۆی دەرکەوتنی لایەنە پەیوەندیدارەکانن بە شوێنی ئاگرەکان، هاوکات دووری ڕووبارو دەریاچەو سەرچاوە ئاوییەکان لە شوێنی ئاگرەکانەوە تا ئۆتۆمبێل و فەڕۆکە و ئامڕازەکانی دیکەی ئاگرکوژێنەوە زوو ئاوی پێویست هەڵبگرن.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوڵ و سەرچاوەکانی هەرێم ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 600 هەزار دۆنم زەوی لەناوچە جیاوازەکانی هەرێم سووتاون و زیانی زۆر بەر دارستان و ڕەز و باخی هاوڵاتییان و زیندەوەرە جۆراو جۆرەکان کەوتوون.

بەشێکی دیکە لەو ئاگرانە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتوونەتەوە کە بە گەنم و جۆ چێندراون، بەپێی بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان سوتانی ئەو زەوییە گەنمانە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی یان کەسانێک "زەڕەبین"یان لەناو کێڵگەکانی گەنمدا داناوە بۆ ئەوەی گەنمی ئەو زەوییانە بسوتێن، وەک ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە لە قەزای خەبات دۆزرایەوە.

جۆرێکی دیکەی ئەو ئاگرانەی کە ڕوو دەدەن، لەناو بینا و باڵەخانە و بازڕ و ماڵان و شوێنە گشتییەکاندان، ئەوەش لە پێنج مانگی ڕابردوودا زۆرترین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی هەرێم ڕوویانداوە، هاوکات زۆرترین ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەش لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە.

ئەگەر تەنیا پارێزگای هەولێر بە نموونە وەربگرین، بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر کە هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا  407 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە، کە 156 ڕووداوی سووتانی ماڵان بووە و 94ـی سووتانی ئۆتۆمبێل بوون و زۆرترین ئاگریش لە مانگی چواردا کەوتووەتەوە.

هەر بە پێی ئامارەکە، ئەمساڵ 33 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە مارکێت، دوکان و پێشانگەکان و 31 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەش لە خاشاک و تایە ڕوویانداوە.

جۆرێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوەکان، بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای تورکیایە کە وایکردوە بەشێکی زۆری دارستان و پووش و پاوان و ڕەز و باخی هاوڵاتییان لەناوچە سنووریەکان سووتاون.

هیچ ڕۆژێکی هەفتە نییە سوپای تورکیا بە بۆردوومانەکانی ئاگر لە ژینگەی کوردستان بەرنەدات، هەر لە زاخۆوە تا پێنجوێن و گەرمیان بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپباران، ئاگر لە ژینگەی کوردستان بەردەدات، یەکێک لە کێشە گەورەکانیش ئەوەیە کە بەهۆی بوونی سوپای تورکیا لەو ناوچانە و مەترسییەکانی فڕۆکەکانەوە هاوڵاتییان ناتوانن ئاگری ناوچە سنوورییەکان بکوژێننەوە.


#باشووری کوردستان
#ژینگە