رۆژهەڵاتی ناوەراست

عێراق لەلیستی وڵاتانی مەترسیداری ئابووریی چووە دەرەوە

09/06/2024

دەنگوباس
قاسم بەلشان، شارەزای ئابووریی و سیاسی بە رۆژنامەی (صباح)ی نیمچە فەرمی عێراقی راگەیاند، چونە دەرەوەی عێراق لە ناوچەی چاودێریکراو و لیستی وڵاتانی مەترسیدار کە لەلایەن کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی ناسراو (FATF)ەوە راگەیەنراوەی هەنگاوێکی گرنگە، ئەو راگەیەنراوە نێودەوڵەتییەش لە ئەنجامی چاکسازییەکانی بانکی ناوەندی و رێکارە چاکسازییەکانی نوسینگەی سپیکردنەوەی پارە بڵاوکراوەتەوە.

بەوتەی بەلشان "چونەدەرەوەی عێراق لەو لیستە لە ئەنجامی دەرکردنی یاسای سپیکردنەوەی پارەی ژمارە 39ی ساڵی 2015یە".

ئەوەشی خستەڕو، بە گوێرەی راگەیەنراوی (FATF) عێراق چوەتە دەرەوەی پرۆسەی چاودێریکردن و وردبینی ئەمەش بە مانای ئەوە دێت بەغدا متمانەی خۆی لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوەتەوە، بەوەش عێراق رۆڵێکی گەورە لە ناوچەکە و جیهان وەردەگرێت، هەروەها بەغدا دەکاتە سەرچاوەی گرنگیپێدانی گەورە کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان.

کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی بە فەرمی رایگەیاند، عێراق چوەتە دەرەوەی ناوچەی چاودێری کردن، لە ئەنجامی کارەکانی بانکی ناوەندی و نوسینگەی بەدواداچونی سپیکردنەوەی پارە. 



#عێراق