راپۆرت و چاوپێکەوتن

تورکیا نایەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە سوریا دووبارە ببێتەوە

09/06/2024

دەنگوباس
تورکیا هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و پێیوایە، هەوڵێکی ئەمریکایە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی.

سەرچاوە سەربازی و دیپلۆماسیەكانی توركیا لەمیدیای وڵاتەکەیانەوە باس لە هەوڵێکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەکەن و دەڵێن، واشنتۆن دەستبەرداری دروستكردنی نیمچە دەوڵەتێكی كوردی نابێت، لەو ناوچانەی کە هێزەكانی سوریای دیموكراتی لێیە، لە باكورو باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و ئەمریکاش بوونی سەربازیی هەیە.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەو پرسە بڵاویکردووەتەوە، ئەمریكا سەرقاڵی راهێنانە بە بەرپرسانی كوردی سوریا، ڕاهێنانەکەش لەسەرجەم بوارەكانی پەیوەست بە دەوڵەتدارییە و  دوبارەكردنەوەی هەمان ئەو كارەی لە هەرێمی کوردستان روویدا، بەجۆرێك كەسایەتیە باڵاكانی گواستووەتەوە بۆ ئەمریكا بۆ فێركردن و راهێنانیان لەسەر سیستمی دەوڵەت.

کاتێك لە ساڵی 1991 لەباشووری کوردستان ڕاپەڕینی جەماوەریی ڕوویدا، تورکیا ناڕازیی بوو بەوەی کورد ببێتە خاوەنی هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگربوو لە خواستی تورکیا، دواتریش لەساڵی 2003 کاتێک ڕژێمەکەی سەدام حسێن ڕووخا، تورکیا ئەو هەلەی لەدەستدا کە کورد قەوارەی حوکمڕانیەکەی بچووک بکرێتەوە، بۆیە ئێستا نایەوێت لەسوریا هەمان کار ڕووبداتەوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی "سوزجو"ی تورکی باسی لەوەکردووە، ئەمریکا نزیكەی (70) هەزار شەڕڤانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دروستکردووە، زوو یان درەنگ بەكاریان دەهێنێت بۆ دروستكردنی "دەوڵەتێك" بەوتەی ئەو ڕۆژنامە تورکیە "مەترسی راستەقینە لە باكوری سوریایە نەك لە باكوری عێراق" ئەوەش نیشاندانی ترسی تورکیایە لە دووبارە بوونەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ڕۆژنامە تورکیەکە دەشڵێت "ئەمریكا راهێنان بە هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات و چەكداریان دەكات و موچەی سەربازەكانی دابین دەكات، ئامانجی دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردیە لە سوریا".

هاوکات لێدوانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزارەتی بەرگری توركیا لەبارەی دەستوەردانی توند، ئەگەری ئەنجامدانی كارێكی سەربازی لە باكوری سوریاو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسیەكان، هانی ئەمریکای داوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەك دەستەبەرداربوون لێی.

ئەو ڕۆژنامە تورکییە زانیاریی ئەوەشی ئاشکراکردووە، دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لە حەوت كانتۆن  بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ كە ناوچەکان لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەیە، بۆ هەڵوێستی توندی توركیا و بێتوانایی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەگەڕێتەوە كە سەركێشی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەتەواوی دەستبەرداری هەڵبژاردن نەبووە.
#ئەردۆغان
#ڕۆژئاوای کوردستان