دەنگوباس
دوای وتەکانی ئەمڕۆی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "خەڵک ئەوەندە هوشیارە کە پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی خۆی دەناسێت و بۆ ناسینەوەیان زرمە زرمی دەهۆڵی دووری پێویست نیە".
رێواز فایەق سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی "خەسڵەتی سەرەکی بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان ئەوەیە کە بەردەوام بیانوو بە دوژمنی وەهمی بهێننەوە دۆخی گشتی وەک دەرئەنجامی تیۆری پیلانگێڕی پیشانی خەڵک بدەن".
دەشڵێت "مسۆگەر بوونی مووچە، بە ڕادەستکردنی ناو و زانیاریی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە قبووڵکردنی ووردبینی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە، بە ڕادەستکردنی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانی هەرێمەوە، بە جێبەجێکردنی ئاست دوای ئاستی مەرجەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، بە شکاندنی غروری ناواقعی و پێداگریی بێ کردارەوە، هەمووی بە یەک پاکێج، بەرهەمی بڕیاری ویژدانی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی و پێداگری و ئازایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو و ئەو ژن و پیاوە ژیرانەیە کە متمانەیان بە دادپەروەریی دادگا باڵاکەی عێراق کرد و سکاڵایان بردە بەردەستی".
بەوتەی ڕێواز فایەق "دواجار دادگاکە هەردوو سەرۆک حکومەتی بەغداد و هەولێر، هەردوو وەزیریی دارایی و کۆی دامەزراوەکانی هەردوو حکومەتی ملکەچی دادپەروەریی کرد، لەو نێوەندەش خەڵک ئەوەندە هوشیارە کە پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی خۆی دەناسێت و بۆ ناسینەوەیان زرمە زرمی دەهۆڵی دووری پێویست نیە".
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی کۆمپانیا و سەنتەری ئیگڵ تایبەت بە گەیاندن و پۆستە لە هەرێمی کوردستان لە پرسی مووچەی فەرمانبەران ڕایگەیاند، "سوپاسی مووچەخۆران دەکەم، کە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ بوون و خۆڕاگربوون بەرامبەر ئەو پیلانەی هەندێک کەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی کوردستان بەوە لاواز بکەن، کە داوای ئەوە بکەن مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێتە سەر پارێزگاکان، خۆڕاگریی ئێوە وایکرد ئەو پیلانە سەرنەگرێت".
#مەسرور بارزانی