دەنگوباس
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، "بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووین و بۆ چارەسەری کێشەی مووچە گەیشتوویەنەتە قۆناغی کۆتایی".
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی کۆمپانیا و سەنتەری ئیگڵ تایبەت بە گەیاندن و پۆستە لە هەرێمی کوردستان لە پرسی مووچەی فەرمانبەران ڕایگەیاند، "سوپاسی مووچەخۆران دەکەم، کە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ بوون و خۆڕاگربوون بەرامبەر ئەو پیلانەی هەندێک کەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی کوردستان بەوە لاواز بکەن، کە داوای ئەوە بکەن مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێتە سەر پارێزگاکان، خۆڕاگریی ئێوە وایکرد ئەو پیلانە سەرنەگرێت".
مەسرور بارزانی وتیشی "بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتوویەنەتە قۆناغی کۆتایی، هیوادارم توانیبێتمان لەخزمەت ئێوەی خۆشەویست بابەتی مووچە و بودجە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا، پێش جەژنی قوربان تەواوی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆران دابەش بکرێت."
#مووچە
#مەسرور بارزانی