دەنگوباس:
زیاتر لە 700 ئاوارەی دیكەی نیشتەجێی كەمپی ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقیش رایدەگەیەنێت، دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەی خوێندكاران، ئەو خێزانانەی لە كەمپەكەدا ماونەتەوە سەرجەمیان دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ڕایگەیاند: 787 ئاوارەی دیكەی خەڵكی ناوچەكانی شنگال و پارێزگای سەڵاحەدین، كە نیشتەجێی كەمپی ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی بوون، بەشێوەیەكی یەكجاری كەمپەكەیان جێهێشت و گەڕانەوە زێدی خۆیان.
ئاماژەی بەوەكردووە، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان، بە سەرپەرشتی ئیڤان فایەق جابرو، وەزیری كۆچ و كۆچبەران بووەو هەر خێزانێكی گەڕاوەش، بڕی چوار ملیۆن دینار و چەند كەلوپەلێكی ناوماڵ و خۆراكی پێویستی بەدیاری پێدرا، كە لە لایەن حكومەتی عیراقەوە دابینكراوە.
وەزارەتەكە ڕوونیکردەوە، لەئێستادا تەنها 370 خێزانی ئاوارە لە كەمپی ئاشتی لە سلێمانی ماونەتەوە، كە خوێندكاریان هەیەو دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوە وەزارییەكان، ئەوانیش دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و هیچ خێزانێكی ئاوارە لە سنووری پارێزگای سلێمانی نامێنێت و كەمپەكان بە یەكجاریی دادەخرێن.
گەڕانەوەی ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، لەچوارچێوەی پلانێكی حكومەتی عیراق دێت بۆ داخستنی سەرجەم كەمپەكان و گەڕاندنەوەی یەكجاریی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.
#باشووری کوردستان