رۆژهەڵاتی ناوەراست

دەستەی دەستپاكی: ئەو كەسەی وتی جانتاكەم لە كۆنفڕانسێكی دەستپاكی دزراوە دەبێت بیسەلمێنێت

08/06/2024

دەنگوباس:
دەستەی دەستپاكی عێراق، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئەو كەسەی وتی جانتاكەی لە كۆنفڕانسێكی دەستپاكی دزراوە دەبێت بیسلەمێنێت و ئەگەر وانەبێت سكاڵای لە دژی تۆمار دەكەن.
دوای ئەوەى د. ئەحمەد عەدنان ئەلمیالی، یاریدەدەری ڕاگری كۆلیژی زانستە سیاسییەكان بۆ كاروباری زانستی زانكۆی بەغدا ڕایگەیاند، لە كۆنفرانسێكی دەستەی دەستپاكی جانتای دزراوە، لەو بارەیەوە دەستەی دەستپاكی عێراق، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، چاوەڕێن بەڵگەكانی بخاتەڕوو، بە پێچەوانەوە سكاڵای لە دژی تۆمار دەكەین.
وتیشی: كۆنفرانسەكە لە ئاستێكی ئەمنی بەرزدا بەڕێوەچووە، هیچ كەسێك ڕێگەی پێ نەدراوە كەلوپەلی خۆی بەرێتە ژوورەوە، ئەو دكتۆرە چۆن جانتای تایبەتی بردووەتە ژوورەوە؟
دەستەى دەستپاکی ئاماژەشی بەوەکرد، لە سەر كورسی هەر بەشداربوویەك جانتای تایبەتی دەستە بە دیاری دانراوە و ناوی لەسەر نەدراوە و هەموو بەشداربوویەك بۆی هەبووە دانەیەكی هەبێت. كەلوپەلی تایبەتی كەسیشیان تێدا نەبووە.
لە هەر لەڕوونکردنەوەکە ئەوە خراوەتەڕوو، ئەو بەشداربووە، ئەگەر كەلوپەلی تایبەتی دزراوە بۆچی لەوێ بە ڕێكخەرانی كۆنفرانسەكەی نەوتووە، داوای نەكردووە كامێراكان سەیر بكرێن؟.
دەستەی دەستپاكی عێراق دووپاتیكردووەتەوە، ئەگەر د. ئەحمەد عەدنان، وەڵامی ئەم پرسیارانە نەداتەوە و بەڵگەكانی نەخاتەڕوو، ئەوا؛ لە دادگای تایبەتمەند سكاڵای لە دژ تۆمار دەكرێت.


#عێراق