کوردستان

لە دەربەندیخان ژینگەپارێزان دژی کانەکانی دەرھێنانی بەرد ناڕەزایەتییان ڕاگەیاند

08/06/2024

دەنگوباس:

دژی کانەکانی دەرھێنانی بەرد لە شاخەکانی دەربەندیخان و تێکدانی سروشتی ناوچەکە، بەشێک لە چالاکوانان و ژینگەپارێزان لە قەزای دەربەندیخان گردبوونەوە و داوای ڕاگرتنی دەرهێنانی بەردیان لەکانەکان دا کرد.
ئەمڕۆ دژی کانەکانی دەرھێنانی بەرد لە شاخەکان، ژمارەیەک ژینگە پارێز و چالاکوانی قەزای دەربەندیخان لە بەردەم قایمقامیەتی قەزاکە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و دەڵێن: کانی بەرد لە سنوورەکەدا بوونیان ھەیە، لە ناودڵی دارستانە سروشتییەکان کاردەکەن، بون بە هۆکارى وێرانکاری و تێکدانی ژینگەی ناوچەکە.
داواش دەکەن مۆڵەتی نایاساییان ھەڵبوەشنێنرێتەوە و بە ھیچ جۆرێک نوێنەکریتەوە، هەروەها مۆڵەتیش بە ھیچ کانە بەردێکی نوێ نەدرێت، بە پێچەوانەوە ھەڵمەتی ناڕەزایەتیەکان فراوان دەکەن و دەیبەنە قۆناغێکی دیکەوە کە "دەستدرێژی ژینگەیی بۆ شاخ و دارستانە سروشتییەکان بە تیرۆری سەوز دەیناسێنن.
ئەو ژینگە پارێزانە باس لەوەش دەکەن، بەپێی یاسای پاراستنی ژینگە، کانەکانی بەرد بۆیان نییە لە ناوچەیەک کاربکەن، کە دارستانی سروشتی تێدابێت، بەڵام لێرە لە ناو دڵی داراستانە سروشتییەکان ئەو کانە بەردانە کار دەکەن.
ژینگە پارێزانى دەربەندیخان ئاماژەیان بەوەشکرد، قائیمقامی شارەکەش بە بەرپرسی یەکەم دەزانین لەو پرسە بە تێکدان و ژینگەی ناوچەکە، چونکە کاتێک کەسێک مۆڵەتی کانە بەردێک وەردەگرێت یەکەم کەس نووسراوەکەی ئاڕاستە دەکرێت قائیمقامە و دەتوانێت نووسراوەکە ڕابگرێت، ڕێکاری یاسای بگرێتە بەر بەرامبەریان.


#باشووری کوردستان
#ژینگە