کوردستان

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: وەستانی پڕۆژەکەی گۆیژە لەدەسەڵاتی مندا نییە

08/06/2024

دەنگوباس 
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نە دەسەڵاتی تەرخانکردنی زەوی، نە دەسەڵاتی گۆڕینی رەگەزی زەوی لای پارێزگارە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، "تا ئێستا نەمانویستوە لەسەر بابەتی ئەو پرۆژانە قسە بکەین، کە کۆمپانیایەکی تایبەت لە گوێژە جێبەجێی دەکات، ئەو کەسانەی دێن لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکەن، دەبێت بزانن ئەو زەوییەی لە بناری شاخێکدا پرۆژەی لەسەر جێبەجێدەکرێت، نە گوێژەیە نە ئەزمەڕە، ئەو سنورەش پێشتر لەرێگەی کۆمپانیایەکی تایبەتەوە سەوز کراوە".

پارێزگاری سلێمانی وتیشی "نە دەسەڵاتی تەرخانکردنی زەوی، نە دەسەڵاتی گۆڕینی رەگەزی زەوی لای پارێزگارە، ئەو پرۆژەیەش کە ئێستا دەست بەجێبەجێکردنی کراوە، لە ساڵی 2010 ئەنجومەنی شارەوانی ئەوکات دەنگی لەسەر داوەو لەساڵی 2011 دەسەڵاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دراوەتە ئەو کۆمپانیایە، لەوکاتەی بووین بە پارێزگار ئەنجومەنی پێشوومان هەڵوەشاندوەتەوەو ئەنجومەنێکی نوێمان دامەزراند، ئەو پرۆژەیەو چەند پرۆژەیەکی دیکە راگیران، چونکە پێمان وابووە لە خزمەت کەس و کۆمپانیایەکدایە".

پارێزگاری سلێمانی زیاتر لەبارەی ئەو پڕۆژەیە قسەیکرد و وتی:"لەبەرئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی شارەوانی نوێ ئەو پرۆژەیە نەدراوەتە ئەو کۆمپانیایە، بۆیە ئێستاش ناتوانین رێگری لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەین، بەڵکو بەبەهای 70 ملیار دینار مەرجی ژینگەییمان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە داناوەو دەبێت 30%ی زەوییەکە بکرێت بە سەوزایی، بەو شێوەیەش گردێکی بەردینی مردو دەکرێت بە گردێکی زیندوو".
#سلێمانی