کوردستان

قائیمقامیەتی دەربەندیخان: پێویستە رێگەی جێگرەوە بۆ هاتوچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان دابینبکرێت

07/06/2024

دەنگوباس:

 قائیمقامیەتی دەربەندیخان داوا دەکات، وەزارەتی ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاری سلێمانی، ڕێگەی جێگرەوە بۆ ھاتوچۆی تانکەرەکانی سوتەمەنی و بارھەڵگرەکان دابین بکەن، تا ڕووداوی گڕگرتنی تانکەری سوتەمەنی دووبارە نەبێتەوە.
قائیمقامەتی دەربەندیخان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندوە، دوای ڕووداوەکەی تونێلی دەربەندیخان، فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبا دەستیانکردووە بەچاککردنەوەی زیانەکانی کارەبا بەشێوەی کاتی، ھەروەھا لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، بە ھاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کاری پێویست ئەنجامدەدرێت، بۆ چاککردنەوەی ڕێگەکە و ھەردوو شۆستەی رێگەکە و ئەو زیانانەی بەر ڕێگەکە کەوتوون و چاکدەکرێنەوە.
قائیمقامیەتی دەربەندیخان داوادەکات، پڕۆژەی ڕێگەی ناوتاق دەستپێبکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا تەواوبکرێت، بۆ ئەوەی ڕووداوی ھاوشێوە دووبارە نەبێتەوە، ھەروەھا وەزارەتی ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاری سلێمانی ڕێگەی جێگرەوە بۆ تانکەرەکانی سوتەمەنی و بارھەڵگرەکان دابین بکەن ھەتا کاتی تەواوکردنی ڕێگای ناوتاق .
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تانکەرێکی گواستنەوەى سووتەمەنی لە نزیک تونێلی دەربەندیخان وەرگەڕا و بەتەواوی سووتا، بەهۆیەوە بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە و تونێلەکە بۆ ماوەیەک داخرا.

 


#باشووری کوردستان