کوردستان

ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا ئاشکرا کرد

07/06/2024

دەنگوباس:

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سەردانی بەغدایان کرد، ئەمڕۆ ناوەڕۆکی سەردانەکەیان خستەڕوو کە خۆی دەبینییەوە لە بە نیشتیمانییکردنی مووچە، داوای خەرجکردنی سێ مووچەی فەوتاوی ساڵی ڕابردوویان و ناردنی کۆپییەک لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم.

  ئەمڕۆ، لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە بارەی سەردانیان بۆ عێراق سەبارەت بە سێ مووچەی فەوتاوی ساڵی ڕابردوویان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ئەحمەد ئەمین، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بەیاننامەی ئەنجوومەنەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، لە ڕێگەی ئەندامێکی لێژنەی داراییەوە، نوسراوێکمان ئاراستەی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی تەیف سامی کرد، چوونکە بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، پێویستە مووچەی مانگەکانی ١٠، ١١ و  ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٣، بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.

وتیشی: ڕۆژی ٥ـی حوزەیران وەک هۆشدارییەک، بۆ کۆتایی پێهێنان بە خۆدزینەوە لە دەستپێکردنەوەی ڕاستەقینەی بە نیشتیمانیکردنی مووچە، هەروەها داواکردن لە لایەنە فیدڕاڵییەکان بۆ لێپرسینەوه لەو لایەنانەی کەمترخەمن یان ڕێگرن، لە جێبەجێکردنی دادگای فیدڕاڵی، لە مەیدانی تەحریری بەغدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیمان ئەنجامدا.

نوێنەری ئەنجوومەنەکە ئاماژەى بەوەشکرد، کۆپیەکی ڕاستەقینەی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، تایبەت بە نیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان وەرگرت، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دادگاوە، ئاراستەی هەردوو سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی هەرێم و ناوەندمان کرد، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بڕیارەکەی دادگا جێبەجێ بکرێت.


#باشووری کوردستان
#مووچە