کوردستان

ئاسایشی هەولێر سیناریۆی کردەوەیەکی ڕفاندن ئاشکرا دەکات

06/06/2024

دەنگوباس:

ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردوە کە بۆیان دەرکەوتووە ئەنجامدانی ئەم کردەوەیە گێرەشێوێنیە، بەشێوەی سیناریۆ ڕێکخراوە لە نێوان ئەندامانی بنەماڵەیەکدا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە ڕووداوێکی ڕفاندن لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر، دەستبەجێ لە لایەن هێزەکانمانەوە بەدواداچوون و لێکۆلینەوە کرا و لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا بکەین.
ئاسایشی هەولێر ڕوونیکردەوە، تۆمەتبارەکان بەناوەکانی (أ ، أ ، أ)و(ه ، أ ،أ)و(ب، م، أ)و(ب، ز ، م)و(م ،ص ، ح) دواتر بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیریان کردوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ تۆمەتباران، دەرکەوت ئەنجامدانی ئەم کردەوەیە گێرەشێوێنیە، بەشێوەی سیناریۆ ڕێکخراوە لە نێوان ئەندامانی بنەماڵەیەک کە لە براو خاڵ و خوارزا و ئامۆزا پێکهاتوون.
هەروەها ئاشاسی هەولێر باسی لەوە کردوە، ئامانجی تۆمەتبارەکان ئەوە بووە کە یەکێک لە برای تۆمەتبارەکان بەناوی (م، أ ،أ) کە ئێستا لە وڵاتێکی ئەوروپایە ئەو سینارێۆی ڕفاندنە وەکو کەیسێکی سیاسی لەو وڵاتە پێشکەش بکات و مافی پەنابەری پێ وەربگرێت.
هـ.ح


#باشووری کوردستان
#هەولێر