کوردستان

وەزیری سامانە سروشتییەکان کێشەی سەرەکی بەردەم هەناردەکردنى نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکات

06/06/2024

دەنگوباس:
وەزیری سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێم ئاشکرای دەکات، کێشەی سەرەکی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم زۆرە.

کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایگەیاند: کێشەی سەرەکی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم زۆرە، هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمپانیاکان لە کەرتی نەوتی وەبەرهێنانیان کردووە، بەڵام عێراق ساڵانە چەندین ترلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتەکەی تەرخان دەکات.
وتیشی: بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازن، لە عێراق کەرتی گشتییە و لە هەرێم کەرتی تایبەتییە، لە ئێستادا عێراقیش گەیشتووەتە ئەم قەناعەتە دەست بە هەناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەى بەوەشکردوە، بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە 9ی ئەم مانگە لەسەر بانگهێشتى وەزارەتى نەوتى عێراق، شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت سەردانی بەغدا بکات.
وەزیریی سامانە سروشتییەکان وتیشی: چاوەڕێ دەکەین بەم نزیکانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
کەمال محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، کۆمپانیاکانی بە بڕە پارەیەکی زۆر وەبەرهێنانیان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کردووە و پێویستە بەغدا ڕەچاوی ئەمە بکات.


#ئابووری
#باشووری کوردستان