رۆژهەڵاتی ناوەراست

عەبادی: هەڵوێستی گرووپە چەكدارەكان بەرامبەر ئەمریكا گۆڕاوە

06/06/2024

دەنگوباس:
سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵوێستی گروپە چەكدارەكان بەرامبەر بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گۆڕاوە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزۆنیدا ڕایگەیاند، لە نوێترین پێشهاتە سیاسییەكانی وڵاتدا، گرووپە چەكدارەكان هەڵوێستیان بەرامبەر مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گۆڕاوە.

وتیشی: ڕەنگە چەند هێز و لایەنێكی سیاسی ناكۆكییان لەگەڵ وڵاتێكی دیاریكراودا هەبێت، بەڵام ئەوە ڕای تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكان نییە و لەئێستادا هیچ بانگەوازێك نییە لە عێراقدا بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ ئەمریكا.

عەبادی ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشێك لە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی كە باڵی چەكدارییان هەیە، داوای دامەزراندنی پەیوەندییەكی تەندرووست لەگەڵ ئەمریكادا دەكەن.

ئەم قسانەى عەبادی لە کاتێکدایە لە ساڵی ڕابردووە تا مانگی شوباتی ئەمساڵ گروپە چەکدارە شیعەکان بە درۆن و مووشەک بنکە سەربازییەکانى ئەمریکایان لە عێراق و سوریا و هەرێمی کوردستان دەکردە ئامانج، بەڵام دوای وەشاندنى چەند گورزێکی توند لەلایەن ئەمریکاوە ئەو گروپانە هێرشەکانیان ڕاگرت.


#عێراق