دەنگوباس
ڕێکخراوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیاندا
ڕادەگەیەنن، هیچ هیوایەکمان بە دەسەڵاتی کوردی نەماوە و هەموو گۆچان، عەرەبانە و
داواکارییەکانمان دەخەینە ناو تابووتەوە.
ئەمڕۆ، لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی یەکێتیی
کەمئەندامانی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنیدا، بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو
لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە بارەی سەختی ژیان و
خزمەتنەکردنیانەوە لەلایەن حکومەتەوە ئەنجامدا.
سامان حسێن، سەرۆکی ڕێکخراوی یەکێتى کەمئەندامان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٢٨
ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لە بری
ئاهەنگ و دەربڕینی خۆشی، ئەمڕۆ هەموومان بە جلی ڕەشەوە، هەموو گۆچان، عەرەبانەکانی
ژێرمان و داواکارییەکانمان خستە ناو تابووتەوە.
وتیشی: تازە بە تازە کروزەی برسێتی و نەهامەتی کەمئەندامان دەکەین،
وەک یەکێتی کەمئەندامان بەڵێنماندا ئیدی درۆ لەگەڵ خۆمان نەکەین، بەڵکو لەم ڕۆژەدا
پرسە بۆ ژیانی کەمئەندامان بگێرین، لە دوای ٢٨ ساڵ داواکردن و هەوڵدان بۆ
مافەکانمان بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا کەمئەندامان لە خراپترین و سەخترین
بارودۆخدا ژیان بەسەردەبەن.
سامان حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ هیوایەکیان بە دەسەڵاتی کوردی
نەماوە و دەڵێت: بەڵێن دەدەین دەبینە چقڵی چاوی هەموو ئەوانەی ئەم کارەساتەیان بۆ
درووست کردووین.
#باشووری کوردستان