کوردستان

شاندێکی هەرێم سەردانى بەغدا دەکات

05/06/2024

دەنگوباس:

بڕیارە هەفتەى داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنى نەوت سەردانى بەغدا بکات.
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەفدی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق.
ئاماژەى بەوەشکردوە، بڕیارە هەردوولا بەیەکەوە سەردانی بەغداد بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.
ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕێنوێنی داوەتە وەفدی دانوستانكار بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە رێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت.
لە 25ى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، بەپێی وتەى بەرپرسانى حکومەتى عێراق تا ئێستا نزیکەى ١٠ ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە بەهۆی ڕاگرتنى نەوتەوە.
هـ.ح


#ئابووری
#باشووری کوردستان