کوردستان

ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و باسی مووچەی فەرمانبەرانى نەکرد

05/06/2024

دەنگوباس:

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆبووەوە و ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەردەوامن لە گفتوگۆ بۆ ئەوەی هەرچی زووترە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا باسی مووچە نەکرا و دەشڵێت: بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتیی گەیشتووە.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو. 
دوای کۆبوونەوەکە ئەنجومەنى وەزیران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بڕیارە لە سەرەتای حەفتەی داهاتووش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.
 ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتیی گەیشتووە، بۆیە لە کۆبوونەوەدا ڕێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێم بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتیی. 
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2025-2021) لەلایەن دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو کە پلانەکە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرابوو. 

لە ڕاپۆرتەکەدا دیندار زێباریدا  ئاماژەی بە ڕێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم دا بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕاگەیاندن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان. 
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زانیاری پێویستی لەبارەی کار و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم تایبەت بە باشترکردنی دۆخی چاکسازیی و بەندیخانەکان و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ خستەڕوو.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تایبەت بوو بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ دوایین هەوڵەکان بۆ ئەو بابەتە روونکرایەوە. 
لەوبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و کۆبوونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و ئەنجوومەنی ئابووریی فیدڕاڵ بەرز نرخاند.
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا چەند پێشنیازێکی خستەڕوو و وەزیرانی کشتوکاڵ و بازرگانی راسپارد کاری پێویستی بۆ بکەن، کە لە "بەرژەوەندیی" جووتیارانی هەرێمی کوردستان بێت. 
هـ.ح


#باشووری کوردستان
#مووچە