کوردستان

وردبینی لە لیستى مووچەى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کۆتایی هات

04/06/2024

دەنگوباس

دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وردبینی لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و ڕەوانەى وەزارەتى دارایی عێراقیان کردووە، وەزارەتى دارایش سێ سیناریۆی لەبەر دەستە بۆ ناردنى ئەو مووچەیە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕایگەیاند: وردبینیان لە لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و ڕەوانەى وەزارەتى دارایی عێراق کراوە.
لەلایەکى دیکەوە د.محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتیی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانى پارتى ڕایگەیاندووە، لەسەر داوای دیوانی چاودێریی فیدڕاڵ و بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، دووبارە وردبینیمان بۆ لیستی مووچەی مانگی 4ی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کردەوە و ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لیستەکەمان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ نارد.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لەگەڵ دیوانی چاودێریی فیدڕاڵ پەیوەندییان کردووە و پێییان وتن، وردبینییان تەواو کردووە و هیچ کێشەیەک نەبووە و پەسندیان کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی عێراقیان ناردووە.
لە دوای ڕەوانەکردنى لیستى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەنیا ڕەوانەکردنى مووچەکانیان دەمێنێتەوە کە وەزارەتى دارایی عێراق پێداچوونەوە و وردبینی دیکەی بۆ نەکات یان هۆکاری دیکە بۆ نەناردنى بدۆزێتەوە.
لە ئێستادا سێ سیناریۆ بۆ ناردنی موچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێم لەبەر دەستى وەزارەتى دارایی عێراقە، یەکەم، مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکان بنردرێت و دواتریش مووچەی مانگی پێنچی سەرجەم فەرمانبەران ڕەوانە بکات.
 دووەم سیناریۆ، مووچەی مانگی پێنچ بنێردێت و مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنیەکانیشی لەگەڵدا بێت واتا دوو مووچە بۆ هێزە ئەمنیەکان ڕەوانە بکرێت، سێیەمیش، هاوشێوەی مانگی چوار مووچەی فەرمانبەرە مەدەنیەکان ڕەوانە بکرێت بێ مووچەی هێزە ئەمنییەکان.


#مووچە
#باشووری_کوردستان