کوردستان

لەناو شەقام و ڕێگا سەرەکییەکانی بەغدا هێزێکی زۆر بڵاوکرایەوە

04/06/2024

دەنگوباس:

ئێوارەى ئەمڕۆ هێزێکی زۆری دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی لەناو شەقام و ڕێگا سەرەکییەکانى بەغدا بڵاوکرایەوە و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد دەڵێت: بڵاوکردنەوەى هێزەکان بۆ دەستگیرکردنى ژمارەیەک گێرە شێوێن بوون بووە.
وەلید تەمیمی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەند کەسێک هەوڵیاندا هێرشبکەنە سەر کارگەیەکی شیرەمەنی لە ناوچەی عوەیرەج و کارگەکە بشێوێنن، هێزەکانمان ئاڕاستەی شوێنە کران و چەند کەسێکمان دەستگیرکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی لە دژیان و هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر هەر ناوەندێکی بازرگانی دەستگیردەکرێت.
چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر چەند کارگەیەک و لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کران و دواتر ئازادکران، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەو چەکدارانە هێرشیان کردەوە سەر چەند کارگەیەکی دیکە.
لەلایەکى دیکەوە بەشێک لە میدیاکانى عێراق بڵاویانکردەوە، ئامانج لە بڵاوکردنەوەى ئەو هێزە سەربازیانە بۆ ڕێگرییە لە تێکدانى دۆخی بەغدا لەلایەن ژمارەیەک گروپی ملیشیاوە، بەتایبەت بۆسەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا.


#عێراق