کوردستان

ڤیان سەبری: لەمەودوا بەپێی بوودجە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم ڕەوانە دەکرێت

04/06/2024

دەنگوباس:
سەرۆکی فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، سەردانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغداو ڕێککەوتن لەبارەی بودجە زۆر گرنگ بوو.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند: لەکۆی 211 ترلیۆن و 900 ملیار دینار، 20 ترلیۆن و 910 ملیار بۆ ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە و 11 ترلیۆن و 600 ملیار بۆ مووچە و چاودێری کۆمەڵایەتی دیاریکراوە و گرێ نەدراوە بە ئینفاقی فعلی.
وتیشی: مانگانە 965 ملیار بۆ مووچە ڕەوانە دەکرێت، ئەمە سەرەڕای چاودێری کۆمەڵایەتی، بۆیە لەمەودوا بەپێی ڕێککەوتن و بەپێی پەسەندکردنی خشتەکانی بودجە مووچە ڕەوانە دەکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنى پارتى باسی لەوەشکرد، ئەوان لەمەودوا چاودێری بودجە دەکەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، چونکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستە حکومەتی عێراقیش پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت و مانگانە لەکاتی خۆی مووچە ڕەوانە بکات.
ڤیان سەبری باسی لەوە کردووە، پێویستە لەمەودوا بەھۆی وردبینیکردن لە لیستی ناوی مووچەخۆران دواکەوتن دروست نەبێت و مانگانە پێداچوونەوە بکرێت و مووچە لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت.
هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنى پارتى جەختیشیکردەوە، ناکرێت چەند ھەفتەیەک بەھۆی وردبینیکردن مووچە دوابخرێت، پێویستە پێش جەژن بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.

دوێنێ دوو شەممە پەرلەمانى عێراق لە دەنگی 199 پەرلەمانتار هەمواری بودجەى ساڵی 2024ـی پەسند کرد، پشکی هەرێمیش بە 20 ترلیۆن و 910 ملیار بۆ ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە و مانگانە 965 ملیار بۆ مووچەی مووچەخۆرانى هەرێم ڕەوانە دەکرێت.

هـ.ح


#باشووری کوردستان
#مووچە