دەنگوباس
رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکی نوێیدا باسی لە مافی کارکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کردووە و لەو ڕووەوە ڕەخنە توند لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، حكومەتی عێراق بە پاساو خۆی لە جێبەجێكردنی یاسا نیشتمانیەكان دەدزێتەوە، کە خۆی دەریچواندووە و زامنی مافی كاركردنی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكات.
ئاماژە بەوەشدراوە، وەزیفە تەرخانكراوەكان بۆ ئەو کەسانەی لە عێراق خاوەن پێداویستی تایبەتن، سودی لێنابینرێت، بەوەش هەزاران كەس بێكاری ماونەتەوە، هەرچەندە حکومەتەکانی عێراق فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسایان هەیە، بەڵام لایەنی كەمی پشكی دامەزراندن لەو یاسایانەدا، بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دیاریكردووە، كە بڕەكەی (5%) لە وەزیفەكانی كەرتی گشتی.
نوێنەری ئەنجومەنی راژەی فیدراڵی کە لایەنی پەیوەندیدارە بەو بابەتە، دانی بەوەدا ناوە، كەرتی گشتی پابەند نەبووە بەو ڕێژەیەی بڕیاری لێدراوە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان دیاریبکرێت، دۆخی هەرێمی کوردستان باشتر نییە و لەوێش ژمارەكان دەریدەخات یاساكە جێبەجێنەكراوە.
سارە سونبەر، لێكۆڵەری عێراقی لە رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی باسی لەوەکردووە، ئەو بەڵێنانەی بۆ دامەزراندنی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دراون، ناڕاست بوون، کەلێنی نێوان یاسا و كردار وایكردووە، سەدان هەزار عێراقی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەوڵدابن بۆ پەیداكردنی پاروە نانێك.
لە ساڵی 2019 لیژنەی مافی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت كە چاودێری پەیمانە نێودەوڵەتیە پەیوەندارەكان دەكات رایگەیاندووە: عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین خاوەن پێداویستی تایبەتی تیادایە لە سەر ئاستی جیهان، ئەوەش بەهۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی ناو عێراق.
لە عێراق یاسا (5%)ی وەزیفەكانی كەرتی گشتی و (3%)ی وەزیفەكانی كەرتی تایبەت بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەستنیشانكردووە، لە هەرێمی كوردستانیش یاساكە (5%)ی وەزیفەی كەرتی گشتی بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دیاریكردووە، هانی دامەزراندی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش دەدات لەكەرتی تایبەت، لەڕێی دابینكردنی نیوەی موچەكەی بۆ ماوەی سێ مانگ.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بە پێویستی دەزانێت حكومەتی عێراق هەنگاوی جددیی بنێت بۆ دامەزراندنی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت.
#عێراق
#حکومەتی هەرێمی کوردستان