کوردستان

سزادانی مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی ناڕەزایەتیی دروستکردووە

04/06/2024

دەنگوباس
تۆڕی ئەکادیمیی کوردیی لە ڕاگەیەنراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی سزادانی مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی لەلایەن دادگای سلێمانیەوە نیشاندا.

دوای ئەوەی دادگای كەتنی سلێمانی سزای سێ مانگ بەندكردنی بەسەر د. شوان ئادەم ئەیڤەس-دا سەپاندوە ئەوەش لەسەر بڕگەکانی "پرسیاری تاقیکردنەوە" لە بەشی راگەیاندنی زانكۆی هەڵەبجە. تۆڕی ئەکادیمیی کوردیی لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت:"ئەمە پێشلکارییەکی زەق و دیاری ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئەرک و مافی کارکردنی ئەکادیمیی و ئەکادیمییانی کوردستانە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکەین".

تۆڕی ئەکادیمیی کوردیی لە بانگەوازێكدا بۆ رایگشتی و سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاماژەی بەوەداوە "بەپێی ماددە 433/آ لە یاسای سزادانی عێراق؛ ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزای «حبسی سوک» بەسەر ئەو مامۆستایەی زانکۆدا سەپێنراوە، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و باری ژیان و نەبونی پێشینەی تاوانکاریی و بارودۆخی تاوانەکەی؛ دادگا دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە جارێکی تر لە داهاتودا تاوان ئەنجامنادات، لەبەر ئەوە دادگا بڕیاری داوە بە وەستاندنی جێبەجێکردنی سزاکە دژی تۆمەتبارکراو بۆماوەی سێ ساڵ لە رۆژی دەرچونی ئەم بڕیارە، "بەو مەرجەی بەڵێن بدات کە لەو ماوەیەدا رەفتار و هەڵسوکەوتی چاک بێت".

هاوکات ئەوەشخراوەتەڕوو "سزادانی ئەو مامۆستایەی زانكۆ لەسەر بڕگەکانی پرسیاری تاقیکردنەوە و لە پای هێنانەوەی نمونەی زیندوو لە هەواڵ و بابەتی رۆژنامەوانیی میدیای کوردیی، بە پێشلکارییەکی زەق و دیاری ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئەرک و مافی کارکردنی ئەکادیمیی و ئەکادیمییانی کوردستانی دەزانین".

ئەوەشی خستۆتەڕوو، "لەو سۆنگەیەوە و وێڕای رەتکردنەوەی بڕیارەکەی دادگەی کەتنی دوی سلێمانی؛ داواکاریین هەمو ئازادییخوازان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بێنەسەر خەت و گوشار بۆ تێهەڵچونەوەی سزاکە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بکەن."

تۆڕی ئەکادیمیی کوردیی باس لەوەشدەکات "ئەگەر دادگا ئەم بڕیارە هەڵ نەوەشێتەوە، ژیان و ماف و ئازادییەکانی هیچ ئەکادیمییەکی کورد و کوردستان پارێزراونابێت و بە ناچاریی دەبێت دەست لە هێنانەوەی نمونەی زیندوو لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن  یاخود کنە و پشکنین و توێژینەوەی وردی زانستیی هەڵبگرن، وەگەرنا بۆ باسکردنی خەوشییەکانی کورستان، دەبێت بە زمانی جەستە یاخود نمونە لە وڵات و کولتور کەلەپوری دیکە وەربگرن".
#سلێمانی