کوردستان

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم: سبەینێ لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی ھەرێم ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

03/06/2024
مووچە

دەنگوباس

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، سبەینێ لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی ھەرێم ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، هاوکات وەزیری داراییش ئاماژەی بەوەکرد، لیستی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم ئامادەکراوە.

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، سبەینێ لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی ھەرێم ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵێندراوە کێشەی مووچەی مانگی نیسانی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم چارەسەربکرێت، کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە بەغدا مووچەکەی نەناردوون، پێش جەژنی قوربان دوو مووچە وەربگرن.

هەر ئەمڕۆ، وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، لیستی ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێمیان ئامادەکردووە، پێداچوونەوەش بە ھەموو دۆسیەکانیاندا کراوە.

ئاوات شێخ جەناب لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی باڵای یەکێتی خانەنشینانی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی ھەوڵەکانی یەکخستن و ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم کرد و ڕایگەیاند، لە ڕێگەی لیژنە و فەرمانگەی تایبەتەوە لیستی تەواوی خانەنشینانی ھەرێم ئامادەکراوە، پێداچوونەوەش بە ھەموو دۆسیەی خانەنشیناندا کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جیاوازی لە تەمەنی خانەنشینی ھەرێم و عێراقدا ھەیە و دەبێت چارەسەربکرێت، چونکە بەپێی یاسای خانەنشینی لە عێراقدا فەرمانبەران لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا خانەنشین دەکرێن، بەڵام بەپێی یاسای خانەنشینی لە ھەرێم فەرمانبەران لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا خانەنشین دەبن.


#ئابووری
#مووچە
#باشووری کوردستان