جیهان

سەرۆکی پێشووی مۆساد: ناتوانین بە سەربازی شکست بە حەماس و بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی بھێنین

03/06/2024
ئیسرائیل

دەنگوباس

سەرۆکی پێشووی دەزگای ھەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیل (مۆساد)، ڕایگەیاند، "ئێمە ناتوانین ئامانجەکانی شەڕ لە باکوور (لوبنان) و باشوور (غەززە)  بەدیبھێنین.

دانی یاتۆم، سەرۆکی پێشووی دەزگای ھەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیل (مۆساد)، وتارێکی لە ژێر ناوی "ڕاستییە تاڵەکە: حەماس و جیھادی ئیسلامی بە جموجۆڵە سەربازییەکان شکست ناھێنن"، لە "ڕۆژنامەی "Maariv"ی ئیسرائیلی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا، نووسیوویەتی: "ئێمە ناتوانین ئامانجەکانی شەڕ لە باکوور (لوبنان) و باشوور (غەززە) بەدیبھێنین".

ڕاشیگەیاندووە، ھێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ڕفێندراوەکان (بەدیلگیراوە ئیسرائیلییەکان) لە تونێلەکانی غەززەدا دەستبەسەرن، ھەزاران ئاوارەی (ئیسرائیلی) ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵو حاڵی خۆیان، جگە لەوەش حزبوڵڵا، شارۆچکەکانی ئێمە لە باکوور وێران دەکات.

سەرۆکی پێشووی دەزگای ھەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیل (مۆساد)، دانی یاتۆم، نووسیوویەتی، سەرباری بوونی سەربازی سوپای ئیسرائیل لە سەرتاسەری کەرتی غەززە، بەڵام حەماس و جیھادی ئیسلامی بە جموجۆڵە سەربازییەکان شکست ناھێنن و ڕفێندراوەکانیش بە فشاری سەربازی و بەبێ ھەوڵە سیاسیەکان، ناتوانن بگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان.


#ئیسرائیل
#فەڵەستین