دەنگوباس
بەپێی ڕیزبەندیی زانکۆکانی جیهان، زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم لە پلەی یەکەمدایە و لەسەر ئاستی عێراقیش لە پلەی سێیەمدایە.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نوێترین وەشانى ریزبەندیى زانکۆکانى جیهان، کە وێبسایتى کلاریڤێت (Clarivate) بۆ سایتەیشن لە وێبساینس (WoS: Clarivate Analytics) ئەنجامیداوە، زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى عێراق، وڵاتانى ناوچەکەو جیهان هەنگاوى گرنگیان بەرەو پێشەوە ناوە و دەسکەوتى زانستیى گرنگیان تۆمار کردووە.
لەو ڕیزبەندییەدا، کە ڕۆژى هەینى 31ی ئایاری 2024 بڵاوکراوەتەوە، تایبەتە بە بەرهەمى زانکۆکان لە نێوان ساڵانى (2019-2023)، لەسەر ئاستى عێراق (86) زانکۆ و دامەزراوەى زانستى لە ڕیزبەندییەکەدا ناویان لە لیستەکەدا تۆمارکراون، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش (15) زانکۆ تۆمارکراون، کە (10) زانکۆى حکومى و (5) زانکۆى تایبەتن، ئەوە لە کاتێکدایە لە وەشانى پێشتر تەنها (13) زانکۆ ناویان هەبوو.
بەپێی ڕیزبەندییەکە زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم یەکەمە و لەسەر ئاستی عێراقیش لە پلەی سێیەمدایە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، لەم وەشانە نوێیەدا، جگە لەوەى دوو زانکۆى هەرێمى کوردستان بۆ یەکەم جارە بەشداری ئەم رانکینگە دەکات و پلەیەکی باشیان لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق بە دەستهێناوە، لەهەمان کاتدا بەشێک لە زانکۆکانى دیکەش توانیوانە ریزبەندیى نوێ تۆماربکەن، هاوکات هەر لەم وەشانە نوێیەدا زانکۆکانى کوردستان لەو ماوەیەدا توانیویانە بەهەزاران بەڵگەنامە لە (WoS-indexed) تۆماربکەن، دەیان هەزار سایتەیشن (Citations) لە بەڵگەنامەکانی لە (WoS-indexed) کۆبکەنەوە، بەو شێوەیە توانیویانە زۆرترین فاکتەری کاریگەر کۆبکەنەوە.
#سلێمانی
#باشووری کوردستان